Accessibility links

کیم جۆنگ ئون جەنەڕاڵێکی باڵا دووردەخاتەوە و داوای ئامادەکاری دەکات بۆ جەنگ


ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون
ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون

دەزگای هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور ڕایگەیاند ڕابەری وڵاتەکەیان کیم جۆنگ ئون جەنەڕاڵی باڵای سوپای گۆڕیوە و داوای ئامادەکاری زیاتری کردووە بۆ ئەگەری ڕوودانی جەنگ و زیادکردنی بەرهەمهێنانی چەک و فراوانکردنی مەشقە سەربازییەکان.

دەزگاکە لە ڕاپۆرتەکەیدا وتی کیم لە میانەی کۆبوونەوەیەکی کۆمسیۆنی ناوەندی سەربازییدا ئەو لێدوانانەی داوە، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پلانەکان کراون بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێچەوانە بۆ ڕێگریکردن لە دوژمنەکانی کۆریای باکوور.

دەزگاکە وتی جەنەڕاڵی باڵای سوپای کۆریای باکوور، سەرۆک ئەرکانی گشتی سوپا پاک سو ئیل " لە کارەکەی لابراوە "، بەڵام هیچ وردەکارییەکی دیکەی نەدا. سو ئیل ماوەی حەوت مانگە ئەو پۆستەی پێدراوە.

جەنەڕاڵ ڕی یەنگ گیل شوێنی سو ئیلی گرتۆتەوە، گیل پێشتر وەزیری بەرگری کۆریای باکوور و فەرماندەی باڵای هێزە ئاساییەکانی کۆریای باکوور بووە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە دەڵێت کیم داوای فراوانکردنی توانای بەرهەمهێنانی چەکی کردووە. هەفتەی ڕابردوو کیم سەردانی کارگەکانی دروستکردنی چەکی کرد و لەوێ داوای دروستکردنی بزوێنەری زیاتری موشەک و تۆپهاوێژ و بەرهەمهێنانی چەکی دیکەی کرد.

لەو وێنانەدا کە دەزگاکە بڵاویکردۆتەوە دەردەکەوێت کیم لەسەر نەخشەیەک ئاماژەی بۆ سیئۆلی پایتەختی کۆریای باشوور و ناوچەکانی دەوروبەری کردووە.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت کیم داوای لە سوپا کردووە مەشق بە چەک و کەلوپەلە نوێیەکانی وڵاتەکە بکات تاوەکو هێزەکانی ئامادە بن بۆ شەڕ.

بڕیارە لە 9 ی مانگی نۆدا و لە ساڵیادی 75 ساڵەی دامەزراندنی کۆماری کۆریای باکووردا پیۆنگیانگ نمایشێکی میلیشیاکان ئەنجام بدات. کۆریای باکوور ژمارەیەک گروپی نیمچە سەربازیی هەیە کە بۆ پتەوکردنی هێزەکانی سوپا بەکارییان دەهێنێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG