Accessibility links

سەرۆکی کازاخستان: ڕوسیا هێزەکان لە وڵاتەکە دەکشێنێتەوە


سەرۆکی کازاخستان گۆمارت قاسم تۆکایڤ دەڵێت هێزەکانی هاوپەیمانێتی ئاسایش بە ڕابەرایەتی ڕوسیا دەست دەکەن بە کشانەوەی هێزەکان لە کازاخستان، ئەوەش دوو ڕۆژ دوای تەواوکردنی ئەرکەکانیان بۆ دامرکاندنەوەی خۆپیشاندانەکانی ناو ئەو وڵاتە.

هێزەکان بەشێک بوون لە هێزەکانی ڕێکخراوی پەیماننامەی ئاسایش بە ڕابەرایەتی ڕوسیا، کە هاوپەیمانێتیەکی سەربازییە لەنێوان ئەو وڵاتانەدا کە پێشتر سەر بە یەکێتی سۆڤیەت بوون. لەسەر داوای تۆکایڤ ڕەوانەی کازاخستان کران.

لە 2 ی مانگی یەکدا خۆپیشاندانەکانی ڕۆژئاوای کازاخستان دەستیانپێکرد، بەشێکی هۆکاری خۆپیشاندانەکان بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی بوو لە وڵاتەکەدا و دواتر بووە هۆی شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی ئاسایش و خۆپیشاندەراندا و پشێوییەکی گەورەی لێکەوتەوە.

دەیان هاوڵاتی مەدەنی و ئەندامانی هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس لە خۆپیشاندانەکاندا کوژران، خۆپیشاندەران ئاگرییان لە بیناکانی حکومەت لە شاری ئاڵماتی بەردا و بۆ ماوەیەکی کورت دەستیان بەسەر فڕۆکەخانەی شارەکەدا گرت. بەڵام هەفتەی ڕابردوو خۆپیشاندانەکان بەشێوەیەکی بەرچاو دامرکانەوە.

تۆکایڤ لە لێدوانێکیدا بۆ پەرلەمان و حکومەتی وڵاتەکە وتی " ئەرکی سەرەکی هێزەکانی ئاشتی پارێزی ڕێکخراوی پەیماننامەی ئاسایش بەسەرکەوتوویی تەواو بووە."

وتیشی " لە ماوەی دوو ڕۆژدا قۆناغی کشانەوەی هێزەکان دەست پێدەکات و لە ماوەی کەمتر لە 10 ڕۆژدا تەواو دەبێت."

تۆکایڤ لە هەمان کاتدا عەلیخان سمایلۆڤی دەستنیشان کرد بۆ پۆستی سەرۆک وەزیری وڵاتەکە. هەفتەی ڕابردوو حکومەتی وڵاتەکە دەستی لەکارکێشایەوە.

وەزارەتی ناوخۆی کازاخستان ڕایگەیاند 9,900 کەس لە خۆپیشاندانەکاندا دەستگیرکراون. ئۆفیسی سەرۆکایەتی کازاخستان وتی 338 لێکۆڵینەوە لە توندوتیژییەکان و هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئاسایش ئەنجام دەدرێن.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG