Accessibility links

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا میوانداری ئەندامێکی کابینەی جەنگی ئیسڕائیل دەکات


جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کاملا هێرس بڕیارە لەگەڵ بێنی گانتزی ئەندام لە کابینەکەی جەنگی ئیسڕائیلدا لە کۆشکی سپی کۆببێتەوە، ئەمەش ڕۆژێک دوای ئەوەی داوای " ئاگربەستێکی دەستبەجێی " کرد لە غەززە.

بەرپرسێکی کۆشکی سپی وتی پێشبینی دەکرێت گفتوگۆکان سەنگ بخەنە سەر قوربانییانی سڤیلی فەلەستینییەکان و گەیشتن بە ئاگربەستێک و ئازادکردنی بارمتەکان، هەروەها زیادکردنی یارمەتییەکانیش بۆ غەززە.

بەرپرسەکە وتی " جێگری سەرۆک نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت سەبارەت بە پارێزراویی 1.5 ملیۆن هاووڵاتی لە ڕەفەح." وتیشی ئیسڕائیل " مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات دژی مەترسییە بەردەوامەکانی حەماس."

بێنی گانتز لە بەیاننامەیەکدا هەواڵی کۆبوونەوەی لەگەڵ هێرسدا پشتڕاست کردەوە، هەروەها ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی جەیک سۆلیڤان و ئەندامانی کۆماریی و دیموکراتەکانی کۆنگرێسیش پشتڕاستییان کردەوە.

ڕۆژی یەکشەممە کامالا هێرس وتارەکەی بەکارهێنا بۆ داواکردن بۆ ئاگربەست، ئەمەش بە یەکێک لە بەهێزترین داواکانی بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن دادەنرێت بۆ ڕاگرتنی شەڕەکە.

هێرس لە بۆنەیەکدا لە ساڵیادی یادکردنەوەی مافە سڤیلییەکاندا لە سەلمای ئالاباما وتی " بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئازار و ناڵە زۆرەی کە غەززەی تێکەوتووە، دەبێت دەستبەجێ ئاگربەستێک هەبێت."

هێرس وتیشی " ئەو مەترسییەی حەماس هەیەتی لەسەر خەڵکی ئیسڕائیل دەبێت لە ناوببرێت."

بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکا لەگەڵ قەتەڕ و میسڕدا کاریکردووە بۆ نێوەندگریکردن لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئاگربەستدا لە جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسدا لە غەززە، ئەگەر ڕێککەوتنەکە پەسەند بکرێت لەلایەن ئیسڕائیل و حەماسەوە، ئەوا شەڕەکە بۆ ماوەی شەش هەفتە ڕادەگیرێت و یارمەتییەکان بۆ غەززە زیاتر دەبن و بارمتەکانیش ئازاد دەکرێن.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG