Accessibility links

کامڵا هێرس یەکەم ژن لە پـۆستی جێگری سەرۆکی ئەمەریکا


کامڵا هێرس سوێندی دەستوری خوارد وەک جێگری سەرۆکی 46 هەمینی ئەمەریکا و بەوەش بوو بە یەکەم ژن لەو پـۆستە باڵایەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا بێت.

پاش نیوەڕۆی چوارشەممە کامڵا هێرسی دیموکرات شوێنی مایک پـێنسی کۆماری جێگری سەرۆکی پـێشووی گرتەوە و دەستبەجێ لەسەر تویتەرەکەی نووسی ئامادەم بۆ خزمەتکردن.

کامڵا هێرس جگە لەو پـۆستە، ڕۆڵێکی گرنگیشی دەبێت لە ئەنجومەنی سینات، ئەویش بەو پـێـیەی لە ئێستادا لە کۆی 100 کورسیـیەکەی سینات هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات هەریەکەیان 50 کورسیان هەیە. بەپـێی دەستور، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا مافی دەنگدانی هەیە ئەگەربێت و لە پـرۆسەیەکی دەنگداندا هەردوولا یەکسان بن هەتا دەنگدانەکە یەکلا بکاتەوە.

خانم هێرسی تەمەن 56 ساڵ هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە لە یاسا. لە ساڵی 2004 وە هەتا ساڵی 2011 داواکاری گشتی شاری سان فرانسیسکۆی ویلایەتی کالیفۆرنیا بوو، لە ساڵی 2011 هەتا 2017 داواکاری گشتی ویلایەتی کالیفۆرنیا بوو، لە ساڵی 2017 هەتا 2021 ئەندامی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا بوو.

ئەم خانمە کە یەکەم نەوەی خەڵکێکی کۆچبەرە، بە لێهاتوویی و تواناکانی خۆی بەم پـۆستە باڵایەی ئەمەریکا گەیشتووە. کامڵا هێرس دایکی کچێکی خوێندکاری هیندی بووە کە بە مەبەستی بەدەسهێنانی بڕوانامە لە ساڵی 1958 لە هیندستانەوە ڕووی لە ئەمەریکا کرد. هەروەها باوکیشی لە جامایکاوە بۆ هەمان مەبەست هاتبوو بۆ ئەمەریکا. ئەم دوو خوێندکارە بڕیار دەدەن پـێکەوە خێزانێک پـێکبهێنن و لە ئەمەریکا بمێننەوە. کامڵا و کچێکی دیکەیان دەبێت بە ناوی مایا، بەڵام دواتر جیادەبنەوە.

کامڵا سەرەڕای ئەو مەینەتیانەی دووچاری ببوو و کۆمەڵێک کۆسپ هاتبوونە بەردەمی خۆی و خوشکەکەی، بەڵام هەردووکیان توانیبویان سەرکەوتووانە خوێندنی خۆیان تەواوبکەن و هەردووکیان بڕوانامەی دکتۆرا لە یاسادا بەدەستبهێنن.

XS
SM
MD
LG