Accessibility links

بەهۆی تەقینەوەیەک لە مزگەوتێکی کابول 21 کەس گیانیان لەدەستدا


پۆلیسی کابول دەڵێت لە کاتی نوێژی ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممەدا تەقینەوەیەک لە مزگەوتێکی کابوڵ ڕوویداوە و بەهۆیەوە 21 کەس گیانیان لەدەستداوە.

وتەبێژی پۆلیسی کابوڵ خالید زەدران وتی 33 کەسی دیکە بریندار بوون.

شایەتحاڵان بە ڕۆیتەرزیان گوت گوێیان لە دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز بووە لە گەڕەکێکی باکووری کابول، پەنجەرەی بیناکانی ئەو نزیکانەی شکاندووە.

تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی تەقینەوەکەی ڕانەگەیاندووە و بەرپرسانی کابوڵیش بە ئاشکرا پەنجەی تۆمەتیان ئاڕاستەی کەس نەکردووە.

تاڵیبان دەڵێت ئاسایش دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەفغانستان کە لە دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەفغانستانەوە بە گشتی تا ڕادەیەک توندوتیژییەکان لەو وڵاتەدا کەم بوونەتەوە، بەڵام لەم چەند مانگەی ڕابردوودا کۆمەڵێک هێرشی گەورە لە ناوچەکانی دانیشتوان لە وڵاتەکەدا ڕوویداوە، داعشیش بەرپرسیارێتی هەندێک لەو هێرشانەی ڕاگەیاندووە.

نەخۆشخانەیەکی فریاگوزاری بەپەلە کە لەلایەن ڕێکخراوێکی ناحکومی ئیتاڵییەوە بەڕێوەدەبرێت و چارەسەری قوربانییانی جەنگ دەکات، بەڕێوبەری نەخۆشخانەکە ستێفانۆ سۆزا لە بەیاننامەیەکدا وتی 27 کەس گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکە و پێنج منداڵیشیان تێدا بووە کە بەهۆی تەقینەوەکەوە برینداربوون. دوو کەس بە مردوویی گەیشتوونەتە نەخۆشخانەکە و یەکێکیش لە ژوورێکی نەخۆشخانەکەدا گیانی لەدەستداوە.

لە مانگی هەشتدا نەخۆشخانەکە چارەسەری 80 کەسی کردووە کە لە شەش تەقینەوەی جیادا گواسترابوونەوە بۆ نەخۆشخانەکە.

سۆزا گوتی " وڵاتەکە بەدەست دەرەنجامی جەنگێکی زۆر درێژخایەنەکەوە دەناڵێنێت کە داهاتووی وڵاتەکەی خستۆتە مەترسییەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG