سوپای ئوردن ڕایگەیاند ژمارەیەک لە قاچاخچی دەرمان و چەک لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکدا کە بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە دەستیپێکردووە کوژراون، لە کاتێکدا کە قاچاخچییەکان لە سوریاوە دزەیان کردووەتە سنووری باکووری ئوردنەوە.
سوپای ئوردن پێشتر ئاماژەی بەوەدابوو شوێن ژمارەیەکی زۆر لە قاچاخچییەکان کەوتووە کە بڕێکی زۆر دەرمان و چەکییان پێیە، کە بەهۆی تەمێکی زۆرەوە سنوورەکەیان بەزاندووە.
سەرچاوە هەواڵگرییەکانی ناوچەکە وتییان ڕۆژی پێنجشەممە ئوردن هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر سوریا دژی کۆگا و حەشارگەکانی ئەو قاچاخچییانەی دەرمان کە ئێران پشتیوانییان لێدەکات.
سوپای ئوردن هێرشەکانی دژ بە بازرگانەکانی دەرمانی زیاتر کردووە، ئەمەش دوای شەڕ و پێکدادانەکەی مانگی ڕابردوو لەگەڵ دەیان قاچاخچی چەکدار لە سوریادا کە پەیوەستن بە گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێرانەوە.
وەزیری پەیوەندییەکانی حکومەتی ئوردن موهەنەد موبەیدین بە کەناڵی ئەل مەملەکەی وت " ئەم هەڕەشە بەردەوامە بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانیمان بە هێرش یاخود ڕووبەڕووبوونەوە کۆتایی نایەت.. جەنگێکی درێژخایەنە."
بەرپرسانی ئوردن هاوشێوەی هاوپەیمانەکانی ڕۆژئاوایان، دەڵێن گروپی حیزبوڵای لوبنان و گروپەکانی دیکەی سەر بە ئێران کە کۆنتڕۆڵی باشووری سوریایان کردووە لە پشت زیادبوونی قاچاخی دەرمان و چەکەوەن.
ئێران و حیزبوڵا دەڵێن ئەو تۆمەتانە بەشێکن لە پلانگێڕی ڕۆژئاوا دژییان. سوریا ڕەتی دەکاتەوە دەستی تێکەڵ کردبێت لەگەڵ ئەو گروپە چەکدارییانەدا کە ئێران پشتیوانییان لێدەکات و پەیوەستن بە سوپا و هێزەکانی ئاسایشی سوریاوە.
بەرپرسانی دەزگاکانی دژ بە دەرمانی هۆشبەری ڕۆژئاوا و ئەمەریکا دەڵێن سوریا کە دەناڵێنێت بە دەست جەنگەوە، بووەتە ناوەندی سەرەکی بازرگانی ملیار دۆلاریی دەرمان، ئوردنیش ڕێڕەوی سەرەکی گواستنەوەی دەرمانە هۆشبەرەکانە بۆ وڵاتانی کەنداو، بە تایبەتی دەرمانی ئەمفێتامینی دروستکراوی سوریا، کە بە کاپتاگۆنیش ناسراوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز