Accessibility links

ئەفسەرێکی سوپای ئوردن لە تەقەکردنێکدا لەسەر سنووری سوریا کوژرا


سوپای ئوردن لە بەیاننامەیەکدا وتی لە تەقەکردنێکدا لەسەر سنووری نێوان ئوردن و سوریا ئەفسەرێکی سوپای وڵاتەکە کوژراوە و سێ سەربازی دیکە برینداربوون، ئەوەش دوای ئەوەی کۆمەڵێک قاچاخچی دەرمان هەوڵیانداوە لە سوریاوە بچنە ئوردن و تەقەیان لە خاڵێکی دابڕاوی پێشەوەی سوپای ئوردن کردووە.

بەیاننامەکەی سوپا دەڵێت " قاچاخچییەکان هەڵهاتوونەتەوە بۆ سوریا، بڕێکی زۆر دەرمانیان لەدوای خۆیان جێهێشتووە. سوپا بەتوندی و سووربوونەوە وەڵامی هەر هەوڵێکی دزەکردن دەدات بۆ ناو وڵاتەکە، ئەوەش لەپێناو پاراستنی سنوورەکانمان و ڕێگەگرتن لە هەر کەسێک کە بیەوێت ئاسایشی نیشتیمانیمان پێشێل بکات."

لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا بەرپرسانی ئوردن نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بە زیادبوونی هەوڵی قاچاخچیەکانی دەرمان لە سوریاوە بۆ دزەکردنە ناو ئوردنەوە، بڕێکی زۆر دەرمانیش لەو بارهەڵگرە سورییانەدا دۆزراونەتەوە کە ویستوویانە لە خاڵی سنووری سەرەکیی نێوان دوو وڵاتەکەوە بپەڕنەوە.

ساڵی ڕابردوو سوپای ئوردن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان خستەخوارەوە کە بڕێکی زۆر دەرمانی پێبووە و هەوڵیداوە بچێتە ئوردنەوە.

بەرپرسانی ئوردن دەڵێن حیزبوڵای سەر بە ئێران و گروپە چەکدارییەکانی دیکە کە لە باشووری سوریا باڵادەستن، لەپشت قاچاخچێتی یەکێک لە قەدەغەکراوترین دەرمانەوەن، دەرمانەکە ناوی کاپتاگۆنە و لە بازاڕەکانی کەنداوی عەرەبدا خواستێکی زۆری لەسەرە. حیزبوڵا ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت ساختەن.

شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن سوریا بووەتە شوێنی سەرەکی بۆ بەرهەمهێنانی دەرمانەکان لە ناوچەکەدا و لەوێوە هەناردەی ئوردن و عێراق و کەنداو و ئەوروپا دەکرێن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG