جان هەنستمانی پاڵێوراوی سەرۆک ترامپ وەکوو باڵیۆزی ئەمەریکا لە مۆسکۆ وتی هیچ گومانێک لەوەدا نیە کە ڕوسیا دەستی وەرداوەتە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2016 سەرۆکایەتی ئەمەریکاوە و بەڵێنیدا لە ڕوسیاش ئەو بابەتە لەگەڵ حکومەتی ڕوسیادا بووروژێنێت.
هەنتسمان کە پێشتر باڵیۆزی ئەمەریکا بوو لە چین لە دانیشتنێکی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکادا وتی " هیچ گومانێک دووبارەی دەکەمەوە هیچ گومانێک لەوەدا نیە کە حکومەتی ڕوسیا دەستی وەرداوەتە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ڕابردووی ئەمەریکاوە."
وتیشی " مۆسکۆ بەردەوامە لە دەست تێوەردانی کارە دیموکراسییەکانی هاوڕێکان و هاوپەیمانەکانمان."
ڕوسیا ڕەتی دەکاتەوە دەست وەردابێتە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکاوە بەڵام دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا گەیشتوونەتە ئەو دەرئەنجامەی کە ڕوسیا هەوڵیداوە چانسی سەرکەوتنی سەرۆک ترامپ زیاد بکات لە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکادا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز