Accessibility links

جۆو بایدن بە فەرمی کاندیدکردنی بۆ پـۆستی سەرۆکایەتی ئەمەریکا پەسەند دەکات


جۆو بایدن بە فەرمی کاندیدکردنی لەلایەن دیموکراتەکانەوە بۆ پـۆستی سەرۆکایەتی ئەمەریکا پەسەندکرد و بەڵێنی دا ئەگەربێت و لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتووبێت ئەوا لەگەڵ هەموو لایەک کاردەکات.

بایدن شەوی پـێنجشەممە و لە چوارەم و دوایـین شەوی کۆنگرەی دیموکراتەکاندا وتاری پەسەندکردنەکەی پـێشکەش کرد و گوتی ئەو شانازی دەکات بەوەی دیموکراتە و شانازیش دەکات بەوەی ئاڵای پارتەکەی لە هەڵبژاردنە گشتیـیەکاندا بەرزدەکاتەوە و بە شانازیـیەوە کاندیدکردنەکەی بۆ پـۆستی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا قبوڵدەکات.

گوتی لەگەڵ ئەوەی دەبێتە کاندیدی دیموکرات، دەبێتە سەرۆکێکی ئەمەریکا کە بە ڕژدی کاردەکات لەگەڵ ئەوانەی پشتیوانیان نەکردووە و ئەوانەشی پشتیوانیان کردووە.

گوتی ئەمەریکا تەنیا کۆمەڵێک بەرژەوەندی دژ بەیەکی ویلایەتە سوور یان شینەکان نیـیە، بەڵکو زۆر لەوە گەورەترە.

پاشان ڕەخنەی لە بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ گرت، گوتی ئەمەریکا بە یەکێک لە هەرە ساتە قورسەکانی تێپەڕدەبێت، ئەویش لە یەک کاتدا لە نێو چوار قەیرانی مێژوویـیدایە، خراپترین پەتا لە ماوەی زیاتر لە 100 ساڵدا، خراپـترین قەیرانی ئابوری لەوەتای سیستیـیە ئابوریـیە گەورەکە، لەوەتای ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر داوای دادپەروەری ڕەگەزی دەکرێت، گۆڕانی خێرای کەش‌وهەوا و مەترسیـیەکانی کە ناکرێت نکوڵیـیان لێبکرێت."

بایدن لە درێژەی وتارەکەی گوتی هەموو هەڵبژاردنێک گرنگە، بەڵام ئەمە یەکێکە لە هەرە گرنگەکان.

گوتی لەسەر بنەمای ڕاستیـیەکان بڕیار بدەن، 5 ملیۆن ئەمەریکایی تووشی کۆرۆنا بوون، زیاتر لە 170 هەزاریان گیانیان لەدەست داوە، زیاتر لە 50 ملیۆن کەس لە ئەمساڵدا کارەکانیان لەدەستداوە، زیاتر لە 10 ملیۆن کەس لە ئەمساڵدا بیمەی تەندروستی لەدەست دەدەن، لە هەموو 6 کۆمپانیای بچوک یەکێکیان داخراوە.

بایدن گوتی بۆیە ئەگەر ئەم سەرۆکە هەڵببژێردرێتەوە، ئەوا حاڵەتەکانی تووشبوون و گیان لەدەستدان هەر بە بەرزی دەمێننەوە و کۆمپانیای زیاتر دادەخرێن و خێزانە کارکەرەکان تێدەکۆشن بۆ مانەوەیان، بەڵام باجی سەر دەوڵەمەندەکان کەم‌دەکرێتەوە.

گوتیشی مەترسی نەمانی بیمەی تەندروستی ملیۆنان ئەمەریکایی هەیە وە بەڵێنی دا ئەگەر ببێت بە سەرۆک بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادات ئەوە ڕووبدات.

سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوە، جۆو بایدن گوتی دەبێتە سەرۆکێک لە پاڵ هاوپەیمان و دۆستەکانی ئەمەریکا دەبێت وە بۆ بەرامبەرەکانیشی ڕوون دەکاتەوە ڕۆژانی چاوپـۆشی لە زۆرداران بەسەرچوو.

گوتی لە سەردەمی سەرۆک بایدن، ئەمەریکا چاوپـۆشی ناکات لە ئاست ئەوەی ڕووسەکان خەڵات بدەن بۆ کوشتنی سەربازانی ئەمەریکایی وە قبوڵی ناکات دەستێوەردانی بیانی هەبێت لە پـیرۆزترین دیموکراسی ئەمەریکا، ئەویش پـرۆسەی دەنگدانە.

گوتیشی هەمیشە داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ دەکات و کار دەکات لە پـێناو جیهانێکی زیاتر پارێزراو و ئارام و گەشەدار.

بەر لەوەی دیموکراتەکان بەرنامەی شەوی چوارەمی کۆنگرەکەیان پەخش بکەن، سەرۆک ترامپ لە ڕێگەی تویتەرەکەیەوە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا ڤیدیۆی کۆنی دیموکراتەکانی پـیشان دا کە چۆن پەیوەندیـیان هەبووە لەگەڵ کاربەدەستانی ڕووسی و چینی. سەرۆک ترامپ لە ڤیدیۆکەدا دەڵێت ئەوە لە سەردەمی ئەودا گۆڕا و ئەمەریکا ئێستا پـێگەی تایبەتی خۆی هەیە و کەرتی پـیشەسازی هەنگاوی گەورەی ناوە.

لە پاش تەواوبوونی جۆو بایدن لە پـێشکەشکردنی وتارەکەی سەرۆک ترامپ لەسەر تویتەرکەی نووسی "لە ماوەی 47 ساڵدا، هیچ لەو کارانەی نەکردووە کە ئێستا باسی دەکات. ئەو هەرگیز ناگۆڕێت، تەنها قسەکردنە!"

هەروەها بە توندی وەڵامی مایکڵ بلوومبێرگ، سەرۆکی پێشوی شارەوانی نیویۆرک دایەوە کە شەوی پـێنجشەممە وتارێکی پێشکەش کرد و تیایدا ڕەخنەی توندی لێگرت.

سەرۆک ترامپ لەسەر تویتەرکەی نووسی " پاش خراپترین مشتومڕی لە مێژووی سیاسیدا، مایکڵ بلوومبێرگ، کە بە مینی مایک ناسراوە، هەوڵ دەدات بە پاڕانەوە لە دیموکراتەکان بێتەوە هەستێتەوە. ئەوان وەکو سەگ مامەڵەیان لەگەڵدا کرد و هەمیشەش وا دەبن. پێش سیاسەت ئەو شتی زۆر باشی لەسەر من دەگوت."

بلوومبێرگ کە کاردارێکی ملیاردێری بەناوبانگی ئەمەریکا لە وتارەکەی گوتبووی "هەرگیز لەگەڵ ڕێبازی حزبایەتیدا نەبووم. پشتیوانیم لە دیموکرات، کۆماری و سەربەخۆش کردووە. بەڵێ لە ڕاستیدا من دیموکرات بووم، کۆماری بووم و سەربەخۆش بووم.

مایکڵ بلوومبێرگ
مایکڵ بلوومبێرگ

بۆ من هەڵبژاردن پەیوەندی بە خەڵکەوە هەیە. ئەو دوو کەسەی کە کاندیدی سەرۆکایەتین زۆر جیاوازن. یەکێکیان بڕوای بە فاکت هەیە، یەکێکیان نییەتی. یەكێکیان گوێ لە شارەزایان دەگرێت، ئەوەی تریان پێی وایە هەمو شتێک دەزانێت. یەکێکیان دەڕوانێتە داهاتوو و هێز لە جیاوازییەکانی ئەمەریکادا دەبینێت، ئەوەی تریان بەرەو دوواوە دەگەڕێتەوە و کۆچبەر وەکو دوژمن و ئەوانەی باڵادەستی سپی پێستەکانیان دەوێت وەکو هاوپەیمان دەبینێت. "

گوتیشی " پلانی ئابوری دانۆڵد ترامپ ئەوە بوو کە باج لە سەر کەسانی وەکو من کەم بکاتەوە کە پـێویستمان نییە و درۆ لەگەڵ هەمواندا بکات."

دیموکراتەکان لە ماوەی ئەم چوار شەوە هەوڵیان دا دەنگی هەموو چین و پـێکهاتەکانی وڵاتەکە بۆلای خۆیان ڕابکێشن و هەموویان پـشتیوانیـیەکی زۆریان بۆ جۆو بایدن و کامڵا هێرس دەربڕی.

بە درێژایی کۆنگرەکە جەختیان دەکردەوە سەر بەشداریکردنی لایەنگرانیان لە پـرۆسەی دەنگدانەکە، بە تایبەتی لە ڕێگەی پـۆستەوە کە سەرۆک ترامپ دەڵێت مەترسی ساختەکاری تێدایە.

سەرۆک ترامپ لەم بارەیەوە لەسەر تویتەرەکەی نووسی "بۆ ئەوەی بڕۆیت بۆ کۆنگرەی نیشتمانی دیموکراتەکان، دەبێت ناسنامەیەکت پـێبێت بە وێنەوە، کەچی کاتێک کە دێتە سەر دەنگدانە زۆر گرنگەکانتان دیموکراتەکان نایانەوێت ئەم کارە بکەن، دەمەوێت بزانم بۆچی؟؟؟؟"

ئەوان 51،000،000 وەرەقەی دەنگدان دەنێرن بۆ ئەو کەسانەی کە داواشیان نەکردووە. بەشێکی زۆر لەو کەسانە هەر بوونیان نییە. هەوڵ دەدەن ئەم هەڵبژاردنە بدزن. نابێت ڕێگەیان پێبدرێت!

XS
SM
MD
LG