Accessibility links

جووەکانی شارێـکی ئەمەریکا کلیلی کەنیشتەکەی خۆیان بە موسڵمانانی شارەکەیان دەدەن

  • VOA News

جووەکانی شاری ڤیکتۆریا لە ویلایەتی تەکساس کلیلێـکی کەنیشتەکەی خۆیان داوە بە موسڵمانەکانی شارەکەیان هەتا نوێژ و نزای خۆیانی تیادا بکەن هەتا مزگەوتەکەیان چاکدەکرێتەوە.

شەممەی ڕابردوو مزگەوت و سەنتەری موسڵمانەکان لە شاری ڤیکتۆریای باشوری تەکساس بەهۆی کەوتنەوەی ئاگرێـکەوە زیانی زۆری پـێگەیشت، بە شێوەیەک کە ناتوانرێت لە ئێستادا نوێژی تیادابکرێت.

شاهید هاشمی کە پـزیشکێـکی نەشتەرگەریـیە و یەکێـکە لە بنیادنەرانی مزگەوتەکە گوتی ژمارەیەک لە جووەکانی شارەکە هاتوون بۆ ماڵەکەی و کلیلی کەنیشتەکەی خۆیانیان پێداون.

ڕۆبەرت لۆیب گەورەی جووەکانی شارەکە کە بۆخۆی یەکێـکە لەوانەی بەشدارە لە هەوڵەکانی بنیادنانەوەی مزگەوتەکە، بە ماڵپەڕی Forward ی گوت " هەموومان یەکتری دەناسین، من بۆخۆم ژمارەیەک لە ئەندامانی مزگەوتەکە دەناسم، بۆیە هەست بە ئازاریان دەکەین."

ڕۆژی یەکشەممە ژمارەیەک لە دانیشتوانی شارەکە بە جووەکانیشەوە لە بەردەمی مزگەوتەکە گردبوونەوە بۆ دەڕبڕینی هاوسۆزی لەگەڵ موسڵمانانی شارەکەیان و ڕایانگەیاند کەوا لە ڕێگەی ماڵپەڕی تایبەت بە کۆکردنەوەی کۆمەک GoFundMe پارە بۆ چاکـکردنەوەی مزگەوتەکە کۆدەکرێتەوە و ئامانجیان کۆکردنەوەی 850 هەزار دۆلارە، بەڵام لەماوەی چوار ڕۆژ زۆر زیاتر لەو بڕە پارەیە کۆکراوەتەوە و هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلار کۆکراوەتەوە.

سەرچاوە: ماڵپەڕی Forward

XS
SM
MD
LG