Accessibility links

ئاگرکەوتنەوەیەک لەنزیک ئۆرشەلیم گوندنشینەکان ناچار دەکات ناوچەکانیان چۆڵ بکەن


پۆلیسی ئیسڕائیل وتی گوندنشینەکانی کۆمەڵێک گوندی دەوروبەری شاری ئۆرشەلیم ناوچەکانیان چۆڵکردووە، ئەوەش بەهۆی ئاگرکەوتنەوەیەکی گەورەوە لە دارستانێکی نزیک لەو ناوچانەوە.

تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بە پشتیوانی فڕۆکە ئاگرکوژێنەوەکان لە هەوڵی ئەوەدابوون ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن کە دوکەڵەکەی سەرانسەری ئاسمانی شارەکەی داپۆشیبوو.

وتەبێژی ئۆفیسی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل نەفتاڵی بینێت وتی سەرۆک وەزیر کۆبوونەوەیەکی تایبەتی لەگەڵ بەرپرسانی ئاسایشدا ئەنجامداوە.

پۆلیس وتی ئاگرەکە مەترسی دروستکردووە بۆ سەر گوندەکانی بەیت مێر و شویڤا و کیسالۆن و گوڤات یێریم و ڕەمات ڕازیلی ڕۆژئاوای ئۆرشەلیم.

گوندەکان دەکەونە نزیک ڕێگایەکی سەرەکییەوە کە ئۆرشەلیم دەبەستێتەوە بە شاری تەل ئەڤیڤی پایتەختی ئابووری ئیسڕائیلەوە.

پۆلیس وتی دانیشتوانی ناوچەکە چۆڵییان کردووە و کۆمەڵێک ڕێگاش گیراون.

سەرۆکی بەڕێوبەرایەتی ئاگرکوژێنەوەی ناوچەکە نیسیم تویتۆو لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی " لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئەمە یەکێکە لە گەورەترین ئاگرکەوتنەوەکان لە ناوچەی ئۆرشەلیم."

هەفتەیەک لەمەوبەر لە هەمان شوێن ئاگرێک کەوتەوە بەڵام بەخێرایی کۆنتڕۆڵکرا.

هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەی ڕۆژی یەکشەممە هێشتا نەزانراوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG