Accessibility links

شازادەی قەتەڕ بۆ کوشنەر: چارەسەری دوو دەوڵەت پێویستە بۆ کۆتای هێنان بە ململانێکانی ئیسڕائیل و فەڵەستین

ڕاوێژکاری کۆشکی سپی جارێد کوشنەر
ڕاوێژکاری کۆشکی سپی جارێد کوشنەر

دیوانی شازادەی قەتەڕ دەڵێت شازادەی قەتەڕ شێخ تەمیم بن حەمەد ئال ثانی بە ڕاوێژکاری کۆشکی سپی جارێد کوشنەری ڕاگەیاندووە دەوحە پشتیوانی لە چارەسەری دوو دەوڵەت دەکات و دەبێت ڕۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم ببێتە پایتەختی دەوڵەتی فەڵەستین، ئەمەش بەمەبەستی کۆتای هێنان بە ململانێکانی نێوان فەڵەستینیەکان و ئیسڕائیل.

دوای ئەوەی مانگی ڕابردوو نێوەندگیری کرد لە ڕێكەوتنەکەی نێوان ئیماڕات و ئیسڕائیلدا بۆ ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانیان، جارێد کوشنەری ڕاوێژکاری کۆشکی سپی سەردانی قەتەڕی کرد و هەوڵ دەدات هانی وڵاتانی کەنداوی عەرەبی بدات هەمان هەنگاوی ئیماڕات بنێن و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسڕائیل ئاسایی بکەنەوە.

لە دوای هەریەک لە ئوردن و میسڕەوە، ئیماڕات سێیەمین وڵاتی عەرەبییە ڕێکەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسڕائیلدا واژۆ بکات.

شێخ تەمیم بە کوشنەری ڕاگەیاند وڵاتەکەی هێشتا پابەندە بە دەستپێشخەری ئاشتی عەرەبی ساڵی 2002 ەوە کە تیایدا وڵاتانی عەرەبی پێشنیاری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان کرد لەگەڵ ئیسڕائیلدا بە مەرجێک ئیسڕائیل هەموو خاکە داگیرکراوەکان ڕادەست بکاتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG