Accessibility links

سەرۆک وەزیری ژاپۆن بەنیازە مانگی داهاتوو لە واشنتن چاوی بە بایدن بکەوێت


سەرۆک وەزیری ژاپۆن یوشیهیدا سوگا

حکومەتی ژاپۆن ڕایگەیاند سەرۆک وەزیری وڵاتەکە یوشیهیدا سوگا لە مانگی چواردا گەشت دەکات بۆ ئەمەریکا و چاوی بە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن دەکەوێت.

وتەبێژی حکومەتی ژاپۆن کاتسونوبو کاتۆ بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئەگەر بارودۆخەکە گونجاو بوو، ئەوا سەرۆک وەزیر سوگا لە نیوەی یەکەمی مانگی چواردا سەردانی ئەمەریکا دەکات."

وتیشی " بەم سەردانە، واپێشبینی دەکرێت سەرۆک وەزیر سوگا ببێتە یەکەمین سەرۆکی بیانی ڕووبەڕوو لەگەڵ سەرۆک بایدندا کۆببێتەوە."

دەزگا ڕاگەیاندنەکانی ئەمەریکا و ژاپۆن باسیان لە ئەگەری ئەم سەردانەی سەرۆک وەزیری ژاپۆن دەکرد بۆ ئەمەریکا، بەڵام ئەمە یەکەمجارە لایەنێکی فەڕمی ئەو هەواڵە پشتڕاست بکاتەوە.

تۆکیۆ پێشتر ئاماژەی بەوەدابوو سوگا دەیەوێت بەزووترین کات لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدندا کۆببێتەوە، ئەوەش لەپێناو پتەوکردنی هاریکارییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە کە هەردوولایان نیگەرانن لە ویستەکانی چین بۆ زیادکردنی دەسەڵاتەکانی لە ناوچەکەدا.

بەپێی وتەبێژی حکومەتی ژاپۆن، لە کۆبوونەوەکەی نێوان سوگا و بایدندا باس لە کۆمەڵێک بابەت دەکرێت، دیارترینیان ڕەوشی ناوچەی زەریای هیندی و پاسیفیک و ڕێوشوێنەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و گۆڕانی کەش و هەوا دەبێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG