Accessibility links

ئەمەریکا و ژاپۆن ڕێکدەکەون لەسەر پتەوکردنی هاوپەیمانێتیەکەیان


بەرپرسێکی حکومەتی ژاپۆن وتی وەزیری دەرەوەی ژاپۆن یوشیماسا هایاشی و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن ڕێکەوتن لەسەر پێویستی پتەوکردنی هاوپەیمانێتیەکەی نێوان دوو وڵاتەکە، ئەمەش لەنێوەندی خراپی ژینگەی ئاسایشی ناوچەکەدا.

هایاشی و بلینکن لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکەی وەزیرانی دەرەوەی کۆمەڵەی حەوتدا لە شاری لیڤەرپوڵی بەڕیتانیا کۆبوونەوە.

بەرپرسەکە بە ڕۆژنامەنووسانی وت " لە نێوەندی خراپبوونی ژینگەی ئاسایشی ناوچەکە، دوو وەزیرەکە ڕێکەوتن لەسەر ئەوەی زۆر پێویستە تواناکانی وەڵامدانەوەی هاوپەیمانێتیەکەی نێوان ژاپۆن و ئەمەریکا پتەو بکرێت."

ڕۆژی دووشەممە سەرۆک وەزیری ژاپۆن فومیۆ کوشیدا وتی بەنیازە پێگەی بەرگری ژاپۆن لە بناغەوە پتەوبکات، ئەوەش لەڕێی تاوتوێکردنی بژاردەکان، لەوانەش بەدەستهێنانی توانای هێرشکردنە سەر بنکەکانی دوژمن.

ئەم لێدوانەی سەرۆک وەزیری ژاپۆن لەکاتێکدایە وڵاتەکە ڕووبەڕووی زیادبوونی دەسەڵاتە سەربازییەکانی چین و بەرنامە ناوەکی و موشەکییەکەی کۆریای باکوور بۆتەوە.

بەرپرسەکە وتیشی هایاشی و بلینکن باسیان لە بایکۆتکردنی یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی پەکین لەڕووی دیبلۆماتیەوە نەکردووە.

لە ماوەی ڕابردوودا هەریەک لە کەنەدا و ئوستڕاڵیا و بەڕیتانیا و ئەمەریکا لەڕووی دیبلۆماتیەوە بایکۆتی ئۆڵۆمپیادی پەکینیان کردوو و وتیان هیچ بەرپرسێکی حکومەتەکانیان بەشداری لەو ئۆڵۆمپیادەدا ناکات، بەڵام تاوەکو ئێستا ژاپۆن بڕیاری لەو بارەیەوە نەداوە.

ڕۆژنامەی یومیوری شیمبونی ژاپۆن لە زاری کۆمەڵێک سەرچاوەوە بڵاویکردەوە پێدەچێت بەرپرسانی باڵای حکومەتی ژاپۆن بەشداری ئۆڵۆمپیادی پەکین نەکەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG