هێزەکانی ژاپۆن و ئەمەریکا و فەڕەنسا دەستیانکرد بە مانۆڕێکی سەربازی هاوبەش کە یەکەمین مانۆڕی سەربازیی لەوجۆرەیە لە باشووری ڕۆژئاوای ژاپۆندا، ئەمە لەکاتێکدایە نیگەرانییەکان لەسەر زیادبوونی دەسەڵاتەکانی چین لە ناوچەکەدا تا دێت زیاتر دەبێت.
لە مانۆڕەکەدا کەشتیەکی جەنگی ئوستڕاڵیش بەشدار دەبێت و بۆ ماوەی هەفتەیەک لە دورگەی کیۆشۆ بەردەوام دەبێت، هەروەها ئەمە یەکەمین جارە فەڕەنسا بەشداری لەم جۆرە مانۆڕە سەربازییە دەریایی و وشکاوییە هاوبەشانەدا دەکات لە ژاپۆن.
مەشقەکان لە ڕۆژی سێشەممەوە تاوەکو ڕۆژی پێنجشەممە لە بنکەی سەربازی گینورا ئەنجام دەدرێن، ڕۆژی هەینی مەشقە دەریاییەکان لە ڕۆژئاوای کیوشۆ دەستپێدەکەن، بەپێی سەرچاوە سەربازییەکانیش واپێدەچێت ڕۆژی شەممە و یەکشەممە مەشقە سەربازییە وشکاوی و ئاوییەکان لە بنکەیەکی مەشق لە کیریشیما دەستپێبکات.
300 سەرباز لە مەشقە وشکاوییەکاندا بەشداری دەکەن، 60 سەربازییان فەڕەنسین.
ئەم مانۆڕە سەربازییە بەپێی شارەزایان لەکاتێکدایە تۆکیۆ دەیەوێت بەرگری وڵاتەکە لەگەڵ ئەمەریکای هاوپەیمانیدا بەهێزتر بکات، لەکاتێکدا نیگەرانی بۆ دروستبووە لەسەر جوڵەکانی چین لە دەریای ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای چیندا.
سەرچاوە/ فرانس پرێس