Accessibility links

هەرێمێکی ژاپۆن بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە باری نائاسایی ڕادەگەیەنێت


فەرمانڕەوای هەرێمی ئایچی ژاپۆن باری نائاسایی لە سەرانسەری هەرێمەکەدا ڕاگەیاند، لە هەوڵێکدا بۆ ڕێگریکردن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

فەرمانڕەوای هەرێمی ئایچی هایدیکی ئۆمورا داوای لە خاوەن کارەکان کرد هەموویان پێکەوە کارەکانیان ڕاگرن و داواشی لە خەڵک کرد لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە.

ئەم ڕێوشوێنە تاوەکو 24 ی مانگی هەشت بەردەوام دەبێت و هاوکاتە لەگەڵ پشووی ئۆبۆنیشدا کە ناوەندەکانی خوێندن و کۆمپانیاکان لەو پشووەدا دادەخرێن.

فەرمانڕەوی ئایچی وتی لە ناوەڕاستی مانگی حەوتەوە حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسەکە لە هەرێمەکەدا زیادیکردووە بەجۆرێک ڕۆژانە 100 کەس یاخود زیاتر توشی ڤایرۆسەکە دەبن. پێش ئەو ماوەیە ڕۆژانە بۆ ماوەیەکی زۆر هیچ حاڵەتێکی توشبوون لەو هەرێمەدا تۆمارنەکراوە.

لە مانگی چواردا حکومەتی ژاپۆن داوای لە خەڵک کرد خۆیان بەدووربگرن لە قەرەباڵغی و کارەکان ڕاگرن، بەڵام دواتر ئەم ڕێوشوێنانە هەمووی لابران. تاوەکو ئێستا 42,700 حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتە تۆمارکراوە و نزیکەی 1,000 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

سەرچاوە/ ئەسۆشیەتد پرێس

XS
SM
MD
LG