Accessibility links

ژاپۆن ڕەوانەکردنی کەشتیەکی سەربازی و دوو فڕۆکە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەسەند دەکات


حکومەتی ژاپۆن ڕایگەیاند تۆکیۆ کەشتیەکی سەربازی و دوو فڕۆکەی دیدەوانی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات بەمەبەستی پارێزگاریکردن لە ڕێڕەوە ئاوییەکان لە ناوچەکەدا، بەڵام بەبێ ئەوەی بچێتە پاڵ هاوپەیمانێتیە دەریاییەکەی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا.

ئەم هەنگاوەش دوای کۆمەڵێک هێرش دێت لەم ساڵدا بۆ سەر کەشتیە نەوت هەڵگرەکانی کەنداو و دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە، یەکێک لەو کەشتیانەی هێرشی کرایە سەر ژاپۆنی بوو.

واشنتن و زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و سعودیە ئێرانیان تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی ئەنجامدانی ئەو هێرشانە، بەڵام تاران لای خۆیەوە ئەوە ڕەت دەکاتەوە.

وتەبێژی حکومەتی ژاپۆن یوشیهید سوگا بە ڕۆژنامەنووسانی وت تۆکیۆ کەشتیەکی جەنگی ڕەوانەی ناوچەکە دەکات بۆ ئەنجامدانی کاری هەواڵگری و هەروەها دوو فڕۆکەی دیکە لە جۆری بی3س ڕەوانە دەکات.

سوگا وتیشی " ئەم هەنگاوە ڕێوشوێنێکی تایبەت بە ژاپۆنە و ئامانج لێی خستنەوەی ئاشتی و سەقامگیرییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و هەروەها پاراستنی ئەو کەشتیانەشە کە پەیوەستن بە ژاپۆنەوە." ئاماژەشی بەوەدا لە سەدا 90 ی ئەو نەوتە خاوەی بۆ ژاپۆن دەچێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوەیە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG