Accessibility links

ژاپۆن: چین و ڕووسیا هاریکارییە سەربازییەکەی نێوانییان زیاتر دەکەن


وەزیری دەرەوەی ژاپۆن یۆشیماسا هایاشی نیگەرانی خۆی دەربڕیوە سەبارەت بە هاریکارییە سەربازییەکانی ڕووسیا و چین لە ئاسیا و دەڵێت لە دوای داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا دۆخی ئاسایشی ئەوروپا ناکرێت لە دۆخی ئاسایشی ناوچەی ئیندۆ پاسێفیک جیا بکرێتەوە.

لە میانەی کۆبوونەوەیەکی نێوان وەزیرانی دەرەوەی ئەوروپا و ئیندۆ پاسێفیکدا لە سوید، هایاشی وتی جەنگەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا " بناغەی دۆخی نێودەوڵەتی هەژاندووە " و دەبێت ڕووبەڕووی وەڵامێکی یەکگرتووی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ببێتەوە.

هایاشی وتی " ئەگەر نا ئەوا ئاستەنگی هاوشێوە لە ناوچەکانی دیکەشدا ڕوودەدەن و ئەو دۆخەی کە بناغەی ئاشتی و خۆشگوزەرانیمانە دەکرێت بکەوێتە مەترسییەکی گەورەوە."

ژاپۆن بە توندی پشتیوانی لە ئۆکرانیا دەکات لە جەنگەکەدا، بەڵام چین دەڵێت بێلایەنە و لە هەمان کاتیشدا هاوبەشی " بێ سنوور " لەگەڵ ڕووسیادا واژۆ دەکات و ئەمەریکا و ناتۆ تۆمەتبار دەکات بە تۆمەتی وروژاندنی جەنگەکە. لە مانگی سێدا سەرۆک وەزیری ژاپۆن سەردانی کیێڤی کرد، لە هەمان کاتیشدا سەرۆکی چین شی جین پینگ لە مۆسکۆ لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتندا کۆبۆوە.

هایاشی چینی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی " بەردەوامبوون و چڕکردنەوەی هەوڵە تاک لایەنەکانی " بۆ گۆڕینی دۆخی هەنووکەیی لە دەریاکانی ڕۆژهەڵات و باشووری چیندا "، ئەوەش لە ڕێی بەکارهێنانی هێز و زیادکردنی چالاکییە سەربازییەکانییەوە لە دەوروبەری تایواندا.

وتیشی " لەگەڵ ئەوەشدا، چین و ڕووسیا هاریکارییە سەربازییەکانی نێوانییان پتەوتر دەکەن، لەوانەش گەشتی هاوبەشی بۆمبڕێژەکانییان و مەشقە هاوبەشەکانی هێزە دەریاییەکانیان لە دەوروبەری ژاپۆندا."

چین کە زۆرینەی ناوچەکانی دەریای باشووری چین بە بەشێک لە سنووری ئاویی و خاکی خۆی دەزانێت، بەو دوورگانەشەوە کە دەکەونە دەریای ڕۆژهەڵاتی چینەوە و لە ژێر دەستی ژاپۆندان، دەڵێت مافی خۆیەتی بەرگری لە سەروەری خۆی و بەرژەوەندییەکانی بکات.
لە میانەی کۆبوونەوەکەدا کە دەیان لە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەوروپا و ناوچەی ئیندۆ پاسێفیک ئامادەی بوون، هایاشی وتی " لە دوای داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا دۆخی ئاسایش لێرە لە ئەوروپا و دۆخی ئاسایشی ناوچەی ئیندۆ پاسێفیک لە یەکتر جیا ناکرێنەوە."

هەندێک لە وڵاتانی ناوچەی ئیندۆ پاسێفیک بە هیندستان و پاکستانیشەوە، داوای کۆتایی هێنانییان کردووە بە جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا، بەڵام تاوەکو ئێستا سەرکۆنەی داگیرکارییەکەی ڕووسیایان نەکردووە.

وەزیری دەرەوەی پاکستان هینا ڕابانی خار وتی " هەموومان هەوڵ دەدەین و بە شێوازی خۆمان مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا دەکەین. پێم وایە ئەو وانەیەی کە وڵاتێکی وەکو پاکستان لێوەی فێربووە ئەوەیە کە پاڵاوتنی ململانێکە هەرگیز چارەسەر نیە، دەمانەوێت توندوتیژییەکان کۆتاییان پێبێت و ململانێکە کۆتایی بێت، بۆ ئەوەی خەڵکەکە بتوانن بگەڕێنەوە بۆ دووبارە بونیادنانەوەی ژیانییان وەک لەوە ژیانی زیاتر لە ناو بچێت."

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG