بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا وتی گفتوگۆکان لەگەڵ بەغداد سەبارەت بە داهاتووی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق هێشتا دەستی پێنەکردووە، ئاماژەشی بەوەدا سەربازانی ئەمەریکا ناتوانن بۆ هەتا هەتایە لە عێراق بمێننەوە بەبێ ئەوەی ئەرکەکەیان دژی جیهادییەکان تەواو نەکەن.
دوای ئەوەی ئەمەریکا لە هێرشێکی ئاسمانیدا قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیسی کوشت ئەرکەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمەریکا دژ بە ڕێکخراوی داعش ڕاگیران.
نوێنەری تایبەتی هاوپەیمانان جەیمس جێفری لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە واشنتن وتی " ئێمە سەنگمان خستۆتە سەر پاراستنی هێزەکانمان " کە لەلایەن ئێرانیەکانەوە هەڕەشەیان لەسەرە.
جێفری سەبارەت بە کشانەوەی ئەمەریکا لە عێراق وتی " هێشتا هیچ گفتوگۆیەکی ڕاستەقینە ئەنجام نەدراوە." ئەوەشی خستەڕوو ئەمەریکا " پێی وانیە پێویست بکات لە عێراق بکشێتەوە."
وتیشی " ئێمە ئامادەین لەگەڵ حکومەتی عێراقدا گفتوگۆ بکەین سەبارەت بە پەیوەندییە ستراتیژییەکەی نێوانمان." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ یارمەتییە ئابووری و دارایی و ئاسایش و دابینکردنی کەلوپەلی سەربازی بۆ هیزە عێراقییەکان و پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوانیان. وتی " سەیری هەموو ئەمانە دەکەین."
سەرچاوە/ فرانس پرێس