Accessibility links

سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا سەردانی کیێڤ دەکات


سەرچاوەیەکی سیاسی دەڵێت ڕۆژی دووشەممە سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا جیۆرجیا میڵۆنی سەردانی کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا دەکات و لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتە ڤلۆدیمیر زێلێنسکیدا کۆدەبێتەوە.

میڵۆنی کە لە مانگی 10 دا بووە سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا، ئاماژەی بەوەدا بوو کە پلانی هەیە پێش 24 ی مانگی دوو کە ساڵیادی داگیرکارییەکەی ڕووسیایە لە ئۆکرانیا، سەردانی کیێڤ بکات.

سەرەڕای ئەوەی میڵۆنی لە نێو حکومەتەکەیدا کە ڕاستڕەوە توندڕەوەکانی تێدایە بۆچوونی جیاوازی هەیە لەگەڵیاندا سەبارەت بە ئۆکرانیا، میڵۆنی بەردەوام پشتیوانی خۆی بۆ ئۆکرانیا دەربڕیوە.

هەفتەی ڕابردوو سەرۆک وەزیری پێشووی ئیتاڵیا سیلڤیۆ بێرلسکۆنی کە ڕابەری پارتی فۆرزا ئیتاڵیایە و بەشێکە لە هاوپەیمانێتییەکەی میڵۆنی، وتی ئەگەر هێشتا سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا بووایە ئەوا هەوڵی کۆبوونەوەی لەگەڵ زێلێنسکیدا نەدەدا، چونکە پێی وایە زێلێنسکی بەرپرسە لە جەنگەکە لەگەڵ ڕووسیادا.

پارتی گەلانی ئەوروپا کە فۆڕزا ئیتاڵیا ئەندامە تیایدا، ڕۆژی هەینی وتی بۆنەکەی مانگی شەش لە ناپۆلی هەڵدەوەشێنێتەوە، ئەوەش بەهۆی لێدوانەکانی بێرلسکۆنییەوە سەبارەت بە ئۆکرانیا.

وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا ئەنتۆنیۆ تاجانی کە ئەویش یەکێکە لە دامەزرێنەرانی پارتی فۆڕزا ئیتاڵیا، ڕۆژی یەکشەممە وتی لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی حەوتدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کوڵێبادا کۆبۆتەوە و جەختی لە پشتیوانی ئیتاڵیا کردۆتەوە بۆ ئۆکرانیا.

لەمدواییانەدا فەڕەنسا و ئیتاڵیا گەیشتنە قۆناغی کۆتایی گفتوگۆکانییانەوە سەبارەت بەوەی لەم بەهارەدا سیستمی بەرگری ئاسمانی پێشکەوتوو بدەن بە ئۆکرانیا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG