Accessibility links

ئیتاڵیا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بۆنەکانی سەری ساڵی قەدەغە دەکات


حکومەتی ئیتاڵیا ڕایگەیاند وڵاتەکە کۆتوبەندەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا توندتر دەکاتەوە، سەرجەم ئاهەنگ و بۆنە گشتیەکانی سەری ساڵ قەدەغە دەکات، لەکاتێکدا ڕۆژانە حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسەکە زیاتر دەبن.

وەزیری تەندروستی ئیتاڵیا ڕۆبێرتۆ سپێرانزا وتی دەبێت دووبارە لە دەرەوە دەمامک بەکاربهێندرێت و فەرمانی بە خەڵکەکە کرد دەمامکی ئێف ئێف پی 2 لە هۆکارە گشتیەکانی گواستنەوە و شوێنە گشتیەکاندا بەکاربهێنن، لەوانەش شانۆکان و سینەما و بۆنە وەرزشیەکان.

کۆنسێرت و بۆنە کراوەکان تاوەکو 31 ی مانگی یەک قەدەغە دەکرێن، دیسکۆ و یانەکانی شەوان دەبێت تاوەکو ئەو بەروارە دابخرێن، ئەمەش لە هەوڵێکدا بۆ ڕێگەگرتن لە گردبوونەوەی خەڵکەکە بەهۆی پشووەکانەوە.

ئەم ڕاگەیاندنەی ئیتاڵیا لەو ڕۆژەدا بوو کە وڵاتەکە 44,595 حاڵەتی نوێی توشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکرد، کە ئەوەش ژمارەیەکی پێوانەییە و لە ماوەی هەفتەیەکدا لە سەدا 70 زیادیکردووە، حاڵەتەکانی توشبوونیش بۆ جۆری ئۆمیکرۆن لە سەرانسەری وڵاتەکەدا زیادیکردووە.

حاڵەتەکانی گیان لەدەستدانیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە زیادیکردووە، ڕۆژی پێنجشەممە 168 حاڵەتی گیان لەدەستدان تۆمارکراوە، کە ئەمەش لە مانگی پێنجەوە زۆرترین حاڵەتی گیان لەدەستدانە تۆمارکرابێت، بەڵام لەبەرامبەر سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکەدا هێشتا ئەو ژمارەیە کەمە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی ئیتاڵیا ڤاکسینیان وەرگرتووە.

سپێرانزا وتی نزیکەی لە سەدا 89 ی هاوڵاتیانی ئیتاڵیا ڤاکسینیان وەرگرتووە، بەڵام حکومەت ویستوویەتی هەڵمەتی پێدانی ژەمی سێیەمی ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا خێراتر بکات. شارەزایان پێیان وایە ژەمی سێیەم بەرگرییەکی باش دژی جۆری ئۆمیکرۆن دروست دەکات کە بە ئەوروپا و ئەمەریکادا بڵاوبۆتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG