Accessibility links

سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا هاوپەیمانییەک دروست دەکات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کۆچی نایاساییدا


سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا جیۆرجیا میڵۆنی
سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا جیۆرجیا میڵۆنی

ڕۆژی یەکشەممە وڵاتانی دەریای ناوەند و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئافریکا ڕێککەوتن لەسەر گرتنەبەری ڕێوشوێن بۆ هەوڵدان بۆ خاوکردنەوەی کۆچی نایاسایی و مامەڵەکردن لەگەڵ هەندێک لەو فشارانەدا کە خەڵکەکە ناچار دەکەن وڵاتی خۆیان جێبهێڵن و هەوڵ بدەن بگەن بە ئەوروپا.

دوابەدوای کۆبوونەوەیەک لە ڕۆما کە سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا جیۆرجیا میڵۆنی ڕابەرایەتی کرد، هاوپەیمانییە نوێیەکە پابەند دەبێت بە سەرکوتکردنی قاچاخچییەکانەوە، هەروەها باشکردنی هاریکارییەکانیش لە بوارەکانی وەکو وزەی نوێکراوەدا، ئەوەش لە پێناو ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەش و هەوا و باشکردنی ئاسۆی وڵاتانی هەژارتر.

هاوپەیمانییەکە لە زیاتر لە 20 وڵات پێکدێت و ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی بودجەیەک بە دەستبخەن بۆ پشتیوانیکردن لە پڕۆژەکانی گەشەپێدان، میڵۆنی بە " پڕۆسەی ڕۆما " ناوی برد و وتی چەندین ساڵ بەردەوام دەبێت.

میڵۆنی پێشوازی لە بڕیارەکەی ئیماڕات کرد بۆ دابینکردنی 100 ملیۆن دۆلار بۆ پڕۆسەکە و وتی هەنگاوی دواتر ڕێکخستنی کۆنفرانسێک دەبێت بۆ کۆکردنەوەی پارە.

میڵۆنی کە لە ڕابردوودا هەڵوێستێکی توندی هەبووە لەسەر کۆچ، وتی حکومەتەکەی کراوەیە بە ڕووی خەڵکی زیاتردا کە لە ڕێی ڕێگا یاساییەکانەوە دێنە ئەوروپا و " ئەوروپا و ئیتاڵیا پێویستییان بە کۆچە."

بەڵام ئاماژەی بەوەدا پێویستە کاری زیاتر بکرێت بۆ ڕێگریکردن لەو کۆچبەرانەی کە هەوڵ دەدەن لە ڕێی ئامڕازی بێ مۆڵەتەوە بە دەریای مەترسیداری ناوەنددا بپەڕنەوە.

وتی " ڕاگرتنی تۆڕەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە ئامانجی هەموومانە."

هەفتەی ڕابردوو یەکێتی ئەوروپا و تونس ڕێککەوتنی " هاوبەشی ستراتیژییان " واژۆ کرد کە سەرکوتکردنی بازرگانیکاران بە مرۆڤ و توندکردنەوەی سنوورەکان لە خۆدەگرێت.

سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئۆرسولا ڤۆن دێر لین لە کۆنفرانسەکەدا وتی " دەمانەوێت ڕێککەوتنەکەمان لەگەڵ تونسدا نموونەیەک بێت. نەخشەیەک بێت بۆ داهاتوو، بۆ هاوبەشیکردن لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ناوچەکەدا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG