Accessibility links

ماکرۆن و ماتارێلا جەخت لە گرنگی پەیوەندییەکانی نێوان فەڕەنسا و ئیتاڵیا دەکەنەوە


سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن

سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن و سەرۆکی ئیتاڵیا سێرجیۆ ماتارێلا دووبارە جەختیان لە گرنگی پەیوەندییەکانی نیوان فەڕەنسا و ئیتاڵیا کردەوە دوای ئەوەی لەمدواییانەدا پەیوەندییەکانی نێوانیان گرژی تێکەوت.

سەرۆکایەتی فەڕەنسا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند دوو سەرۆکەکە لە میانەی پەیوەندییەکی تەلەفونیدا یەکتریان بەبیرهێناوەتەوە فەڕەنسا و ئیتاڵیا کە پێکەوە یەکێتی ئەوروپایان دامەزراند بەرپرسیارێتی تایبەتیان هەیە بۆ کارکردن پێکەوە لەپێناو بەرگریکردن لە یەکێتییەکە و دووبارە زیندوکردنەوەیدا.

ڕۆژی پێنجشەممە فەڕەنسا نوێنەرەکەی لە ئیتاڵیا بانگهێشت کرد دوای زنجیرەیەک لە لێدوانەکانی بەرپرسانی ئیتاڵیا سەبارەت بە فەڕەنسا، پاریسیش سەرکۆنەی ئەو لێدوانانەی کرد کە سەبارەت بە سەرۆک و حکومەتی فەڕەنسا دەوترێن. ئەمەش گرژییەکانی نێوان دوو وڵاتەکەی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا زیاد کرد.

ڕۆژی دووشەممە جێگری سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا ماتیۆ سالڤینی ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ سەردانکردنی پاریس لەم هەفتەیەدا لەپێناو دروستکردنی پەیوەندییەکی باش و نوێ لەگەڵ فەڕەنسادا کە ڕۆژی پێنجشەممە نوێنەرەکەی لە ڕۆما بانگهێشت کرد.

سەرۆکایەتی فەڕەنسا جەختی لەوە کردەوە " دوو سەرۆکەکە دووبارە جەختیان لە گرنگی پەیوەندییەکانی نێوان فەڕەنسا و ئیتاڵیا کردۆتەوە بۆ هەردوو وڵاتەکە کە پەیوەندییەکی قوڵی مێژووی و ئابووری و ڕۆشنبیری و مرۆیی بەیەکیانەوە دەبەستێتەوە."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG