Accessibility links

سەرچاوەکان: ئیتاڵیا و فەڕەنسا پەیماننامەیەک واژۆ دەکەن کە ئامانج لێی گۆڕینی هاوسەنگی دەسەڵاتە لە یەکێتی ئەوروپا


سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا ماریۆ دراگی
سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا ماریۆ دراگی

سەرچاوەیەکی حکومی وتی هەفتەی داهاتوو سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا ماریۆ دراگی و سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن پەیماننامەیەک واژۆ دەکەن کە ئامانج لێی گۆڕینی هاوسەنگی دەسەڵاتە لە یەکێتی ئەوروپادا.

وردەکاریی پەیماننامەکە هێشتا ڕانەگەیەندراوە، بەڵام بەرپرسێکی ئیتاڵی وتی ڕێکەوتنەکە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی هاریکارییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە لە بوارەکانی ئابووری و بازرگانی و گەشتیاری و کلتوریدا.

پڕۆژەکە سەرەتا لە ساڵی 2018 دا باسی لێوەکرا، ئەو کاتە سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا پاولۆ جێنتیلۆنی بوو، بەڵام دوای ئەوەی حکومەتێکی پۆپیلیست لەلایەن حیزبەکانی یەکگرتن و جوڵانەوەی پێنج ئەستێرەی ئیتاڵیاوە پێکهێندرا، پەیوەندییەکانی نێوان ئیتاڵیا و فەڕەنسا خراپبوون.

لە ئێستادا لەژێر ڕابەرایەتی ماریۆ دراگیدا، پەیوەندییەکانی نێوان فەڕەنسا و ئیتاڵیا بەتەواوەتی گەڕاونەتەوە باری ئاسایی، دراگی و ماکرۆن سوورن لەسەر ئەوەی پێکەوە کارێک بکەن وێنەی سیاسەتی یەکێتی ئەوروپا بکێشن، ئەمەش دوای چەند ساڵێک لە ناکۆکییەکان لەنێوان دوو وڵاتەکەدا.

بەرپرسێکی دیکەی ئیتاڵیا کە داوای کرد ناوی ئاشکرا نەکرێت وتی " ماکرۆن پەیوەندییەکی بەهێزتری لەگەڵ ئیتاڵیادا دەوێت و ئیتاڵیاش دەیەوێت خۆی بخاتە ناو هاوبەشیە کۆنەکەی نێوان فەڕەنسا و ئەڵمانیاوە."

سەرچاوەی یەکەم وتی نیازی ئیتاڵیا ئەوەیە دەیەوێت پەیماننامەکە بە ناوی کۆشکی سەرۆکایەتی کویریناڵێیەوە ناوبندرێت، کە هەر لەوێش واژۆ دەکرێت.

هێشتا وردەکاریی ناوەڕۆکی پەیماننامەکە ئاشکرا نەکراوە، وتەبێژەکەی دراگیش ڕەتی کردەوە لێدوان لەسەر بابەتەکە بدات، بەڵام ئۆفیسی ماکرۆن وتی ناتوانێت کۆبوونەوەی نێوان دوو سەرۆکەکە لەم قۆناغەدا پشتڕاست بکاتەوە.

لە ساڵی 2019 دا گرژییەکانی نێوان ڕۆما و پاریس گەیشتنە لوتکە، دوای ئەوەی فەڕەنسا بۆ ماوەیەکی کورت باڵیۆزەکەی لە ئیتاڵیا گەڕاندەوە بۆ فەڕەنسا و هۆکارەکەشی بەهۆی کۆچبەرانەوە بوو.

دوایین کۆبوونەوەی نێوان دراگی و ماکرۆن هەفتەی ڕابردوو بوو لە پاریس، لە کۆبوونەوەکەدا سەنگ خرایە سەر گۆڕانکاری سیاسیی لە لیبیا، کە بابەتێکە گرنگییەکی ستراتیژیی هەیە بۆ ئیتاڵیا و فەڕەنسا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG