بەرپرسانی ئیتاڵیا دەڵێن بەهۆی لافاوە کوشندەکەی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئیتاڵیاوە زیاتر لە 36,000 کەس ناچار بوون ماڵەکانییان جێبهێڵن، لە کاتێکدا بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوەکە خانووی زیاتری ڕووخاند و هەرەسهێنانی زەویش زیاتر بووە.
لە ماوەی ڕابردوودا لەم هەفتەیەدا بەهۆی باران بارینێکی زۆرەوە لافاو لە هەرێمی ئێمیلیا ڕۆمانیادا ڕوویدا و بەهۆیەوە 14 کەس گیانییان لە دەستدا، لافاوەکە شەقامەکانی شار و شارۆچکەکانی هەرێمەکەی داپۆشیوە.
سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا جۆرجیا میڵۆنی وتی کۆبوونەوەکەی گروپی حەوت لە ژاپۆن جێدەهێڵێت و دەگەڕێتەوە ئیتاڵیا تاوەکو مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکات.
میڵۆنی بە ڕۆژنامەنووسانی وت " بە ڕاستی ناتوانم لەم ساتە ئاڵۆزەدا ئەوەندە دوور بم لە ئیتاڵیاوە." هەروەها سوپاسی ئەو 5000 کەسەی تیمەکانی فریاکەوتن و خۆبەخشەکانی کرد کە بڵاوکراونەتەوە بۆ یارمەتیدانی ئەو کەسانەی کە بەهۆی لافاوەکەوە زیانییان بەرکەوتووە.
هەروەها سوپاسی هاوڕێکانی کرد لە گروپی حەوت لەسەر پێشکەشکردنی یارمەتی.
پێشبینی دەکرێت ڕۆژی یەکشەممە میڵۆنی سەردانی ئەو شوێنانەی ئیتاڵیا بکات کە لافاوەکە زۆر بە سەختی لێیداون.
ڕۆژی یەکشەممە بەرپرسانی ڕاڤینا فەرمانییان کرد دەستبەجێ ئەو گوندانەی مەترسییان لەسەر چۆڵ بکرێن.
بەڕێوبەرایەتی ئاگرکوژێنەوەی ناوچەکە وتی هێلیکۆپتەرێک کە بەشدار بووە لە هەوڵەکاندا بۆ چاککردنەوەی کارەبا لە نزیک لوگۆ کەوتۆتە خوارەوە و یەکێک لە چوار سەرنشینەکەی بریندار بووە.
جێی ئاماژەیە لە ماوەی 36 کاتژمێردا بارانی شەش مانگ لە هەرێمی ئێمیلیا ڕۆمانیا باریوە و لافاوەکەش بە خراپترین لافاو لە مێژووی وڵاتەکەدا دادەنرێت.
لافاوەکان بووەتە هۆی 305 حاڵەتی هەرەسهێنانی زەوی و زیاتر لە 500 شەقامی لە ناوچەکەدا تێکداوە یاخود داخستووە.
سەرۆکی شارەوانی بۆلۆنیا ماتەیۆ لیپۆرێ وتی چەندین مانگ و لە هەندێک شوێن چەندین ساڵی دەوێت تاوەکو " شەقامەکان و ژێرخانەکانییان چاک بکرێنەوە."
سەرچاوە/ فرانس پرێس