Accessibility links

بێرلسکۆنی دەڵێت ئەگەر سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا بووایە هەوڵی کۆبوونەوەی لەگەڵ زێلێنسکیدا نەدەدا


سەرۆک وەزیری پێشووی ئیتاڵیا سیلڤیۆ بێرلسکۆنی
سەرۆک وەزیری پێشووی ئیتاڵیا سیلڤیۆ بێرلسکۆنی

سەرۆک وەزیری پێشووی ئیتاڵیا سیلڤیۆ بێرلسکۆنی دەڵێت ئەگەر هێشتا سەرۆک وەزیر بووایە هەوڵی کۆبوونەوەی نەدەدا لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکیدا، ئەوەش لەبەرئەوەی لۆمەی سەرۆکی ئۆکرانیا دەکات لەسەر جەنگەکە لەگەڵ ڕووسیادا.

بێرلسکۆنی تەمەن 86 ساڵ کە زۆرجار شانازی بە هاوڕێیەتییەکەیەوە دەکرد لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتندا هەتاوەکو ئەو کاتەی ڕووسیا داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیا دەستپێکرد، لە مانگی نۆدا زریانێکی سیاسیی دروست کرد کاتێک وتی پوتن ناچارکراوە بچێتە جەنگەکەوە و ویستوویەتی " خەڵکی باش " وەکو بەرپرسی ئۆکرانیا دابنێت.

بێرلسکۆنی کە سەرکردەی پارتی پارێزگارانی فۆڕزا ئیتاڵیایە و ئێستا بەشێکە لە حکومەتە فەرمانڕەواکەی ئیتاڵیا، لێدوانەکەی دوای ئەوە هات سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا جیۆرجیا میڵۆنی ڕۆژی هەینی فەڕەنسای تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی ئەوەی یەکگرتوویی یەکێتی ئەوروپای خستۆتە مەترسییەوە، ئەوەش لە ڕێی ڕێکخستنی ئێوارە خوانێکی فەڕەنسا و ئەڵمانیا لە پاریس لەگەڵ زێلێنسکیدا و هاوپەیمانەکانی دیکەی ئەوروپای بانگهێشت نەکردووە.


بێرلسکۆنی وتی " من هەرگیز نەدەچووم قسە لەگەڵ زێلێنسکیدا بکەم چونکە دەبینین وڵاتەکەی وێران دەبێت و سەرباز و هاوڵاتیانی مەدەنی دەکوژرێن."

وتیشی ئەگەر زێلێنسکی هێرشەکانی بۆ سەر دوو کۆمارەکەی جیاخوازەکانی دۆنباس ڕابگرتایە ئەوا جەنگەکە ڕووینەدەدا. " لە بەرئەوە زۆر زۆر بە نەرێنی بڕیار لەسەر ڕەفتاری ئەم بەڕێزە دەدەم."

ئۆفیسەکەی میڵۆنی وتی پشتیوانی حکومەتی ئیتاڵیا بۆ ئۆکرانیا " پتەو و باوەڕپێکراوە، وەکو چۆن لە بەرنامەکەدا بە ڕوونی ئاماژەی پێدراوە و لە سەرجەم دەنگدانەکانی پەرلەمانیشدا بە زۆرینەی دەنگ لە دەسەڵاتی جێبەجێکردندا پشتڕاست کراوەتەوە."

بێرلسکۆنی داواشی لە ئەمەریکا کرد فشار بخاتە سەر زێلێنسکی و هەڕەشەی ڕاگرتنی ڕەوانەکردنی چەک بکات بۆ ئۆکرانیا، هاوکات بەڵێنی بەرنامەیەکی یارمەتی بدات ئەگەر لەسەر ئاگربەستێکی دەستبەجێیی ڕێبکەوێت.

وەزیری کاروباری دەرەوەی ئیتاڵیا ئەنتۆنیۆ تاجانی کە ئەندامێکی پارتی فۆڕزا ئیتاڵیایە، وتی پارتەکەی " هەمیشە لە پاڵ سەربەخۆیی ئۆکرانیادا وەستاوە، لە پاڵ ئەوروپا و ناتۆ و ڕۆژئاوادا وەستاوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG