ئیسڕائیل هەزاران کرێکاری فەڵەستینی ڕەوانەی غەزە کردەوە، ئەوەش لە هەڵمەتێکدا دژی ئەو کرێکارانەی کە پێشتر لە غەزەوە هاتبوونە ئیسڕائیل و کەناری ڕۆژئاوا بۆ کارکردن.
ژمارەیەکی زۆر لە کرێکارەکان لە ڕێی خاڵی سنووری کەریم شاڵۆمی ڕۆژهەڵاتی خاڵی سنووری ڕەفەحی نێوان میسڕ و کەرتی غەزەوە ڕەوانەی غەزە کرانەوە.
کرێکارێکی فەڵەستینی بە ناوی جەمال ئیسماعیل کە لە کامپی پەنابەرانی مەغازی ناوەڕاستی غەزە کاری کردووە، وتی " پێشتر خزمەتمان دەکردن، کارمان بۆ دەکردن، لە ماڵەکان و ڕێستۆرانتەکان و مارکێتەکاندا بە پارەیەکی زۆر کەم کارمان دەکرد، سەرەڕای ئەوەش ئێستا سوکایەتیمان پێدەکرێت."
پێشتر ئیسڕائیل زیاتر لە 18,000 مۆڵەتی داوە بە ئەو هاووڵاتییانەی غەزە تاوەکو بتوانن بپەڕنەوە بۆ ئیسڕائیل و کەناری ڕۆژئاوا و لەوێ لە کەرتەکانی کشتوکاڵی و بینادا کاربکەن، ئەو پارەیەی وەریاندەگرت لە کەناری ڕۆژئاوا و ئیسڕائیل 10 هێندەی ئەو پارەیەیە کە لە غەزە وەریانگرتووە.
ئۆفیسی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو لە بەیاننامەیەکدا وتی "ئیسڕائیل سەرجەم پەیوەندییەکانی لەگەڵ غەزەدا دەبڕێت. چیتر هیچ کرێکارێکی فەڵەستینی لە غەزەوە ناتوانن لە ئیسڕائیل کاربکەن. ئەو کرێکارانەی کە خەڵکی غەزەن و لە ڕۆژی دەستپێکردنی جەنگەکەوە لە ئیسڕائیل بوون دەگەڕێندرێنەوە بۆ غەزە."
دوای ئەوەی لە 7 ی مانگی 10 دا چەکدارانی گروپی چەکداریی حەماسی فەڵەستینییەکان هێرشێکی کوشندەیان کردە سەر باشووری ئیسڕائیل، ئیسڕائیل بەردەوام بۆردومانی غەزەی کردووە، بەرپرسانی تەندروستی غەزە دەڵێن زیاتر لە 9200 فەڵەستینی کوژراون و نزیکەی نیوەیان منداڵن. بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن زیاتر لە 1.4 هاووڵاتی فەڵەستینی لە کۆی 2.4 ملیۆن دانیشتووەکەی ئاوارە بوون.
ڕوون نیە کە ئایا چەند هاووڵاتی غەزە لە 7 ی مانگی 10 دا لە ئیسڕائیل بوون، لەو ڕۆژەدا کە چەکدارانی حەماس هێرشییان کردە سەر کۆمەڵگەکانی باشووری ئیسڕائیل و 1400 کەسییان کوشت و 240 کەسیشیان بە بارمتە گرت و ڕفاندنییانن بۆ غەزە.
بەرپرسێکی باڵای دەسەڵاتی فەڵەستینییەکان وتی 4950 هاووڵاتی غەزە لە ئیسڕائیلەوە هەڵاتوون بۆ کەناری ڕۆژئاوا و باوەڕوایە 5000 کەسی دیکە لە ئیسڕائیل دەستبەسەرکرابێتن.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز