Accessibility links

هەزاران هاووڵاتی ئیسڕائیلی دژی حکومەتەکەی نەتانیاهو ناڕەزایی دەردەبڕن


سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو
سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو

هەزاران هاووڵاتی ئیسڕائیل لە ناوەڕاستی تەل ئەڤیڤ دژ بە پلانەکانی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو بۆ ئەنجامدانی چاکسازییەکی تەواو لە سیستمی یاسایی ئیسڕائیل و لاوازکردنی دادگای باڵادا خۆپیشاندانییان ئەنجامدا، ڕەخنەگران دەڵێن ئەم هەنگاوەی نەتانیاهو سیستمی دیموکراسی وڵاتەکە لە ناودەبات.

خۆپیشاندانەکە ئاستەنگییەکە لە بەردەم حکومەتە نوێیەکەی نەتانیاهو و وەزیری ئاسایشی ئیسڕائیل ئیتامار بێن گڤیرە کە سیاسییەکی نەتەوە پەرستە و فەرمانی بە هێزەکانی پۆلیس کردووە ڕێوشوێنی توند بگرنەبەر ئەگەر خۆپیشاندەران شەقامەکانیان گرت یاخود ئاڵای فەڵەستینییەکانیان بەرزکردەوە.

نەتانیاهو کە لەسەر تۆمەتی گەندەڵی دادگایی دەکرێت، ئەنجامدانی چاکسازییەکی تەواو لە سیستمی یاسایی وڵاتەکەدا وەکو ئەرکێکی سەرەکی حکومەتەکەی باسی لێوە کردووە.

حکومەتە نوێیەکەی نەتانیاهو چەند پێشنیارێکی پێشکەش کردووە بۆ لاوازکردنی دادگای باڵای وڵاتەکە، ئەوەش لە ڕێی پێدانی دەسەڵاتێک بە پەرلەمانی وڵاتەکە تاوەکو بتوانێت بەسەر بڕیارەکانی دادگای باڵادا زاڵ ببێت. هەروەها دەیەوێت دەسەڵاتێک بدات بە پەرلەمان بتوانێت خۆی دادوەرەکان دەستنیشان بکات و پشتبەستن بە ڕاوێژکارە یاساییەکان کەم بکاتەوە.

وەزیری دادی ئیسڕائیل دەڵێت دادوەرە دەستنیشان نەکراوەکان دەسەڵاتی زۆرییان هەیە. بەڵام ئەوانەی دژایەتی پلانەکانی نەتانیاهو دەکەن، دەڵێن ئەو گۆڕانکارییانەی کە پێشنیار کراون، دیموکراسی ئیسڕائیل دەخەنە مەترسییەوە. ڕابەرانی ئۆپۆزسیۆنی ئیسڕائیل، دادوەرانی گشتی پێشووتر و سەرۆکی دادگای باڵای ئیسڕائیل سەرجەمییان ناڕەزاییان دژی ئەو گۆڕانکارییانە دەربڕیوە.


نەتانیاهو لە ساڵی 2019 دا بە تۆمەتی گەندەڵی تۆمەتبار کرا و تاوەکو ئێستاش دادگاییکردنەکەی ماوەتەوە. ئەم گۆڕانکارییە یاساییانەش ڕەنگە یارمەتی نەتانیاهو بدەن لە هەڵوەشاندنەوەی دۆسییەکەی لە دادگادا. نەتانیاهو وتوویەتی سیستمی دادی ئیسڕائیل لە دژی ئەو کار دەکات.

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئیسڕائیل دەڵێن نزیکەی 15,000 کەس بە ئاڵای ئیسڕائیل و چەترەوە لە ناوەڕاستی تەل ئەڤیڤ کۆبوونەتەوە و ناڕەزاییان دەربڕیوە.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG