Accessibility links

تەرمی نەوجەوانێکی ونبووی ئیسرائیلی لە کەرتی ڕۆژئاوا دەدۆزرێتەوە


پۆلیس و سوپای ئیسڕائیل دەڵێن تەرمی نەوجەوانێکی بێسەروشوێنبووی ئیسڕائیلی کە ڕەنگە لە هێرشێکی فەلەستینییەکاندا کوژرابێت ڕۆژی شەممە لە کەناری ڕۆژئاوا دۆزراوەتەوە.

بەرپرسان دەڵێن نەوجەوانە تەمەن 14 ساڵەکە ڕۆژی هەینی بێسەروشوێن بووە، وتیشیان کوشتنەکەی "هێرشێکی تیرۆریستی " بووە.

سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو وتی هێرشبەرەکان دەدۆزرێنەوە و داواشی لە ئیسڕائیلییەکان کرد نەبنە ڕێگر لەبەردەم هێزەکانی ئاسایشدا.

لە کاتێکدا کە ڕۆژی هەینی هێزەکانی ئیسڕائیل بە شوێن نەوجەوانەکەدا گەڕاون، نیشتەجێیە جووەکان لە ناوچەکەدا چوونەتە ناو گوندێکی ئەو نزیکانەی فەلەستینییەکانەوە و ماڵ و ئوتومبێلەکانییان سوتاندووە، تیمە تەندروستییەکانی فەلەستینییەکان دەڵێن لەو هێرشەی جووەکاندا کەسێک کوژراوە، بەڵام هێشتا نەزاندراوە ئەو کەسە بە تەقەی هێزەکانی ئیسڕائیل کوژراوە یاخود نیشتەجێیەکان.

دەزگای هەواڵی وەفای فەلەستینییەکان وتی ڕۆژی شەممە نیشتەجێیە جووەکان دەروازەی دوو شارۆچکەی دیکەیان لە ناوچەکەدا داخستووە و بەردییان گرتووەتە ئەو ئوتومبێلانەی کە بە ناوچەکەدا تێپەڕیون. کارمەندانی تەندروستی و هەشت فەلەستینیش بریندار بوون.

لەلای خۆیەوە حەماس لە بەیاننامەیەکدا داوای لە فەلەستینییەکانی کەناری ڕۆژئاوا کرد شەڕ بکەن دژی "نیشتەجێیە چەکدارەکان."

تەنانەت پێش دەستپێکردنی جەنگەکەی ناو غەززەش توندوتیژییەکان لە کەناری ڕۆژئاوا لە زیادبووندا بوون، بەڵام ئێستا زۆر زیاترن، ئیسڕائیلییەکان هێرشەکانییان زیاتر کردووە و فەلەستینییەکانیش هێرشەکانی سەر شەقامەکانییان زیاتر کردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG