Accessibility links

فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی گومانلێکراوی ئێران هێرش دەکاتە سەر کەشتییەکی ئیسڕائیل


بەرپرسێکی بەرگری ئەمەریکا دەڵێت کەشتییەکی بارهەڵگر کە لەلایەن کۆمپانیایەکی سەر بە دەوڵەتی ئیسڕائیلەوە بەڕێوەدەبرێت لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی گومانلێکراوی ئێرانییەوە لە زەریای هیندی لێیدراوە، کەشتییەکە زیانێکی ماددی کەمی پێگەیشتووە و هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.

بەرپرسەکە وتی کەشتی CMA CGM SYM کە ئاڵای ماڵتای بەسەرەوەیە و لەمدواییانەدا ناوەکەی گۆڕدراوە بۆ مایەت، ڕۆژی هەینی لە بەشی باکووری ڕۆژهەڵاتی زەریای هیندی لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە لێیدراوە، کە وادەردەکەوێت فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهید – 136 ی ئێرانی بووبێت.

ڕووداوەکە لە کاتێکدایە کە بەهۆی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسەوە گرژییەکانی ئاسایشی هاتووچۆی دەریایی زیاتر بووە، هەروەها لە دوای دەستبەسەراگرتنی کەشتییەکی بارهەڵگری سەر بە ئیسڕائیلەوە دێت لە ماوەی ڕابردوودا لەم هەفتەیەدا لەلایەن حوسییەکانی یەمەنەوە لە باشووری دەریای سوور. ئیسڕائیل دەستبەسەراگرتنی کەشتییەکەی بە " کارێکی تیرۆریستی ئێران " ناوبرد.

کۆمپانیای ئیستێرن پاسێفیک شیپینگ کە بنکەکەی لە سینگاپوورە و کەشتی مایەتی بە کرێ گرتووە، وتی ئاگاداری ئەوە بووە کە کەشتییەکە لە ڕووداوێکی ئاسایشدا ڕۆژی هەینی کراوەتە ئامانج.

وتی " کەشتییەکە لە ئێستادا وەکو چۆن پلانی بۆ داندراوە گەشت دەکات. سەرجەم کارمەندەکانی پارێزراون و باشن."

کۆمپانیای ئیستێرن پاسێفیک شیپینگ لەلایەن ملیاردێری ئیسڕائیلی ئیدان ئۆفەرەوە کۆنتڕۆڵ کراوە و پێشتریش کەشتییەکانی ڕووبەڕووی ئەو جۆرە هێرشانە بوونەتەوە.

ئەمەریکا ئێرانی بە بەرپرس داناوە لە زۆربەی ئەو هێرشانەی کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا کراونەتە سەر کەشتییەکان لەو ناوچەیەدا. تاران ڕەتی کردووەتەوە دەستی هەبووبێت لەو هێرشانەدا.

لە ڕووداوێکی جیادا، دەزگای ئۆپەراسیۆنەکانی بازرگانی دەریایی بەڕیتانیا ڕۆژی شەممە وتی کەشتییەک لە دەریای سووردا لەلایەن لایەنێکەوە کە خۆی بە نوێنەری بەرپرسانی یەمەن ناساندووە فەرمانی پێکراوە ئاڕاستەکەی بگۆڕێت، هەروەها داوای لە کەشتییەکانی دیکەش کرد وریا بن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG