سوپای ئیسڕائیل ڕۆژی سێشەممە وتی هێزە تایبەتەکانی ئیسڕائیل لە " ئۆپەراسیۆنێکی ئازادکردنی ئاڵۆزدا " بارمتەیەکی ئیسڕائیلییان لە تونێلەکانی باشووری کەرتی غەززە ڕزگار کردووە، ئەمەش زیاتر لە 10 مانگ دوای ئەوەی چەکدارانی حەماس لە 7 ی مانگی 10 دا ئەو کەسەیان ڕفاند و بە بارمتە گرتییان.
سوپا وتی قەید فەرحان ئەلکەدی تەمەن 52 ساڵی ئەندام لە کۆمەڵگەی بەدوین لە باشووری ئیسڕائیل، گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەک و بارودۆخی جێگیرە.
وتەبێژی سوپای ئیسڕائیل دانیێڵ هاگاری وتی ئەلکەری لە تونێلێکی ژێرزەویدا ڕزگارکراوە، بەڵام هیچ وردەکارییەکی دیکەی نەدا، هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ ئاسایشی هێزەکانی ئیسڕائیل و ئەو بارمتانەی کە هێشتا لە غەززە ماونەتەوە.
سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو کە وتی قسەی لەگەڵ ئەلکەدیدا کردووە، ستایشی هێزەکانی کرد لەسەر ڕزگارکردنەکە و وتی ئیسڕائیل " ماندوونەناسانە " کاردەکات بۆ گەڕاندنەوەی سەرجەم بارمتەکان.
وتی " ئەمە بە دوو ڕێگەی سەرەکی دەکەین: لە ڕێی گفتوگۆکردن و لە ڕێی ئۆپەراسیۆنەکانی ڕزگارکردنەوە. هەردوو ڕێگەکە پێکەوە پێویستییان بە بوونی سەربازیی هەیە لە مەیدانەکەدا، هەروەها کەمنەکردنەوەی فشارە سەربازییەکان بۆ سەر حەماس."
ئۆپەراسیۆنەکە لەلایەن سەرکردەکانی ئیسڕائیلەوە ستایش کرا کە بە پەرۆشەوەن بۆ هەواڵێکی خۆش دوای نزیکەی یەک ساڵ لە هەڵمەتی هێرشەکانییان بۆ سەر غەززە کە بووەتە هۆی ئەوەی فشارێکی زیاتر بخرێتەسەر حکومەت تاوەکو کاری زیاتر بکات بۆ گەڕاندنەوەی زیاتر لە 100 بارمتە.
سەرۆکی ئیسڕائیل ئیسحاق هێرزۆگ وتی ئازادکردنەکە " ساتێکی خۆشییە بۆ وڵاتی ئیسڕائیل و کۆمەڵگەی ئیسڕائیلی بە گشتی."
ئەلکەدی لە کیبوتزی ماگین وەکو بارمتە گیراوە و ڕفێندراوە بۆ غەززە، کە یەکێکە لە زنجیرە کۆمەڵگەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە کە لە 7 ی مانگی 10 دا لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە هێرشی کرایە سەر.
لەو هێرشەی حەماسدا بۆ سەر ئیسڕائیل نزیکەی 1200 کەس کوژران و زیاتر لە 250 ئیسڕائیلیش بە بارمتە گیران. ئەو هێرشەش بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگەکەی ناو غەززە.
بە ڕزگاربوونی ئەلکەدی ئێستا 108 بارمتەی ئیسڕائیلی و بیانی لە غەززە ماونەتەوە، بەڵام نزیکەی سێیەکی ئەمانە باوەڕوایە مردبێتن، چارەنووسی ئەوانی دیکەش نەزاندراوە.
بەهۆی جەنگەکەی ناو غەززەوە بەرپرسانی تەندروستی فەلەستینی دەڵێن زیاتر لە 40,000 فەلەستینی کوژراون و سەدان هەزاران فەلەستینیش چەندین جار ئاوارەبوون.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز