Accessibility links

ئیسڕائیل ڕێگە نادات دوو نوێنەری ئەمەریکا سەردانی وڵاتەکە بکەن


ئیلهان عومەر و ڕەشیدە تەڵیب
ئیلهان عومەر و ڕەشیدە تەڵیب

جێگری وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل تسیبی حوتوفلی وتی ئیسڕائیل ڕێگە لە سەردانەکەی دوو نوێنەری ئەمەریکا دەگرێت بۆ ئیسڕائیل کە هەردووکیان سەر بە دیموکراتەکانن و خۆیان هەڵبژاردووە بۆ کۆنگرێسی ئەمەریکا ڕەخنەیەکی توند لە ئیسڕائیل دەگرن، ئەوانیش ئیلهان عومەر و ڕەشیدە تەڵیبن کە بەنیازبوون سەردانی بەشی ڕۆژئاوا و ئۆرشەلیم بکەن.

حوتوفلی لە لێدوانێکیدا بۆ ڕادیۆی ڕیشیتی ئیسڕائیلی وتی " بڕیارەکە دراوە، بڕیارەکە ئەوەیە ڕێگە نەدرێت بێنە ناو ئیسڕائیلەوە."

لە ماوەی ڕابردوودا سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ داوای لە ئیسڕائیل کرد ڕێگە لەو دووانە بگیردرێت کە یەکەمین خانمی موسوڵمانن لە کۆنگرێسدا و سەر بە حیزبی دیموکراتەکانن.

لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا سەرۆک ترامپ ڕەخنەی توندی لە ڕەشیدە تەڵیب و ئیلهان عومەر و دوو نوێنەری دیکە گرت، هەروەها تۆمەتباری کردن بەوەی دژی ئیسڕائیلنن.

سەرۆک ترامپ لە تویتەر نوسی " ئەگەر ئیسڕائیل ڕێگە بە عومەر و تەڵیب بدات سەردانی وڵاتەکە بکەن ئەوا بێهێزییەکی گەورە نیشان دەدرێت."

نوێنەری ئیسڕائیل لە ئەمەریکا ڕۆن دێرمەر مانگی ڕابردوو ئاماژەی بەوەدا ڕێگەیان پێدەدرێت بێنە ناو ئیسڕائیلەوە وەکو ڕێزێک بۆ کۆنگرێسی ئەمەریکا و پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئیسڕائیل.

بەرپرسێکی ئیسڕائیلی لە ماوەی ڕابردوودا وتی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو و ئەندامانی دیکەی باڵای حکومەتەکەی کۆبوونەتەوە و بڕیاری کۆتاییان داوە سەبارەت بە سەردانەکە.

لەلای خۆیەوە سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو وتی " هیچ وڵاتێک لە جیهاندا نیە لە ئیسڕائیل زیاتر ڕێز لە ئەمەریکا و کۆنگرێسی ئەمەریکا بگرێت. بەڵام بەرنامەی سەردانەکەیان دەریخست کە ئەو دوو ئەندامە دەیانەوێت زیان بە ئیسڕائیل بگەیەنن."

ناتانیاهو وتیشی ئەگەر ڕەشیدە تەڵیب کە بە ڕەچەڵەک فەڵەستینیە داوای بکردایە سەردانی خێزانەکەی دەکات لە بەشی ڕۆژئاوا بەهۆی هۆکاری مرۆییەوە ئەوا ئیسڕائیل بیری لە داواکەی دەکردەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG