Accessibility links

لە هێرشێکی ئیسڕائیلدا لە کەناری ڕۆژئاوا سێ چەکداری فەلەستینی کوژران

سەرچاوە فەلەستینی و ئیسڕائیلییەکان دەڵێن لە هێرشێکی بەرفراواندا لە کەناری ڕۆژئاوا هێزەکانی ئیسڕائیل سێ چەکداری فەلەستینییان کوشتووە.

سوپای ئیسڕائیل وتی هێزەکانییان لەلایەن کۆمەڵە چەکدارێکی فەلەستینییەوە تەقەیان لێکراوە و لانیکەم 2 چەکدارییان کوشتوون. وتیشی سەربازەکان چەک و تەقەمەنی و ئامێرەکانی تەقینەوەی چەکدارەکانییان گرتووە و ئەو شوێنەیان لە ناوبردووە کە بۆمبەکانی تیادا دروست کراون.

وەزارەتی تەندروستی فەلەستینییەکان کوژرانی سێ چەکدارەکەی پشتڕاست کردەوە. لیوای شەهیدانی ئەل ئەقسا کە گروپێکی چەکدارییە و سەر بە پارتی فەتحی سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینییەکان مەحمود عەباسە، ڕایگەیاند سێ چەکدارەکە ئەندامی گروپەکە بوون. پارتی فەتح لە بەیاننامەیەکدا وتی سێ ئەندامەکە فاتیح جیهاد ڕیزقی تەمەن 30 ساڵ و عەبدوڵا یوسف ئەبو حەمدانی 24 ساڵ و محەمەد بیلال زەیتونی تەمەن 32 ساڵ بوون.

دانیشتوانی کامپی ئاوارەکانی بەلاتە لە شاری نابلوسی کەناری ڕۆژئاوا وتییان هێرشەکەی ئیسڕائیل گەورەترین هێرشی لەو جۆرە بووە لە چەندین ساڵی ڕابردووەوە تاوەکو ئێستا. ڕادیۆی سوپای ئیسڕائیل وتی ژمارەیەکی زۆر لە سەرباز بەشدارییان تێدا کردووە.

نەبیل ئەبو ڕودەینەی وتەبێژی عەباس وتی " بەردەوامیی دوژمنکارییەکان دژی شاری نابلوس و گوند و کامپەکانی لەلایەن هێزەکانی ' داگیرکەران ' و نیشتەجێیە توندڕەوەکانەوە تاوانێکی گەورەی جەنگە و سزادانێکی بە کۆمەڵە کە دەبێت دەستبەجێ ڕابگیرێت."

بەلاتە گەورەترین کامپی ئاوارەکانە لە کەناری ڕۆژئاوا. ئیسڕائیل لە ماوەی ساڵی ڕابردووەوە بەردەوام هێرشی لەو ناوچەیەدا ئەنجام داوە، ئەوەش وەکو وەڵامێک بۆ هێرشە کوشندەکانی فەلەستینییەکان لەسەر شەقامەکانی ئیسڕائیل دژی هاووڵاتیانی ئیسڕائیلی.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG