سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکدا وتی وەڵامدانەوەی ئیسڕائیل زۆر بەهێز دەبێت ئەگەر هاتوو بزوتنەوەی حەماس ئاگربەست پێشێل بکات.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن بە سەردانیکردنی ئیسڕائیل دەستیکرد بە گەشتەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوەش لە هەوڵێکی ئەمەریکادا بۆ پتەوکردنی ئاگربەستی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستینیەکان و یارمەتیدان لە گەیشتنی یارمەتیە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەزە.
نەتانیاهو وتی لەگەڵ بلینکندا تاوتوێی چۆنێتی باشکردنی ڕەوشی مرۆییان کردووە لە کەرتی غەزە.
بلینکنیش وتی سەردانی ناوچەکەی کردووە بەمەبەستی ئەوەی سنوورێک بۆ گرژییەکان دابنێت، وتیشی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕوونیکردۆتەوە وڵاتەکەی پشتیوانی لە مافی ئیسڕائیل دەکات بۆ بەرگریکردن لە خۆی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو موشەکانەی کە لە غەزەوە هەڵدەدرێن.
بلینکن ئەوەشی خستەڕوو ئەمەریکا کاردەکات بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانیە نێودەوڵەتیەکان بۆ دووبارە بونیادنانەوەی غەزە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز