Accessibility links

ئیسڕائیل: بە پشتیوانی ئەمەریکا بەرگرییەکی ئاسمانی لە ناوچەکەدا دروست دەکەین


وەزیری بەرگری ئیسڕائیل بێنی گانتز
وەزیری بەرگری ئیسڕائیل بێنی گانتز

وەزیری بەرگری ئیسڕائیل دەڵێت ئیسڕائیل بە پشتیوانی ئەمەریکا هاوپەیمانێتییەکی بەرگری ئاسمانی دروست دەکات.

لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا ئیسڕائیل بە سەرپەرشتی ئەمەریکا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبیدا ئاساییکردۆتەوە و تا دێت نزیکتر دەبێتەوە لێیان، هەروەها پێشنیاری کردووە لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا هاریکاریی بەرگرییان پێکەوە هەبێت.

ئەمەریکا هیوادەخوازێت هاریکاریی زیاتر لەنێوان ئیسڕائیل و وڵاتە عەرەبیەکاندا ببینێت، بەتایبەتی لەڕووی ئاسایشەوە، کە دەبێتە هۆی ئەوەی ئیسڕائیل زیاتر لەگەڵ ناوچەکەدا یەکبکەوێت و ئێرانیش گۆشەگیرتر دەکات، هەروەها ڕەنگە پێشەکییەکیش بێت بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسڕائیل لەگەڵ وڵاتانی دیکەی عەرەبیدا، لەوانەش سعودیە.

ئیسڕائیل لە ساڵی 2020 دا بە سەرپەرشتی ئەمەریکا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیماڕات و بەحرەیندا ئاساییکردەوە.

وەزیری بەرگری ئیسڕائیل بێنی گانتز بە پەرلەمانتارانی وڵاتەکەی وت لە ئێستاوە ئامادەکاری دەکرێت بۆ دروستکردنی " هاوپەیمانێتی بەرگری ئاسمانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ".

گانتز وتی " لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا ڕابەرایەتی پڕۆگرامێکی بەرفراوانم کردووە، پێکەوە لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە پێنتاگۆن و بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکا، کە دەبێتە هۆی پتەوکردنی هاریکارییەکانی نێوان ئیسڕائیل و وڵاتانی ناوچەکە."

وتی " پڕۆگرامەکە چالاکە و پێشتریش بەرپەرچی هەوڵەکانی ئێرانی داوەتەوە بۆ هێرشکردنە سەر ئیسڕائیل و وڵاتانی دیکە."

ئێران دەڵێت چالاکییە سەربازییە هاوبەشەکانی ئیسڕائیل و هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی لە " نائومێدییەوە " سەرچاوەیان گرتووە.

دیبلۆماتکارێکی ڕۆژئاوا لە ناوچەکەدا هەفتەی ڕابردوو بە ڕۆیتەرزی وت واشنتن هێشتا کاردەکات تاوەکو وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو ڕازی بکات بچنە پاڵ سیستمی بەرگری ئاسمانی یەکخراوی ئەمەریکا و ئیسڕائیلەوە. ئەنجومەنەکە هەریەک لە سعودیە و ئیماڕات و بەحرەین و قەتەڕ و کوەیت و عومان لەخۆدەگرێت.

دیبلۆماتکارەکە وتی " پێشنیارەکە یارمەتیدەر دەبێت لە پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەدا کە لە کشانەوەی سیستمە بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئەمەریکادا لە ناوچەکەدا دروست بووە، هەروەها ئیسڕائیل و سعودیەش لەیەکتر نزیک دەکاتەوە تاوەکو بگەن بە ڕێکەوتنێک بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان."

سعودیە کە پشتیوانی لە ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسڕائیل و وڵاتانی کەنداو کردووە، دەڵێت تەنها لە کاتێکدا پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسڕائیلدا ئاسایی دەکاتەوە کاتێک کە دەوڵەتێکی سەروەری سەربەخۆی فەڵەستینیەکان دادەمەزرێت و ئۆرشەلیمیش پایتەختی دەبێت.

گانتز وتی " هیوادارم بتوانین لە ماوەی سەردانە گرنگەکەی سەرۆک بایدندا لەم ڕووەوە هەنگاوێکی دیکە بەرەو پێشەوە بنێین."
سەرۆک بایدن لە 13 ەوە بۆ 16 ی مانگی حەوت سەردانی ناوچەکە دەکات، سەردانی ئیسڕائیل و سعودیەش دەکات، بەڵام لە سعودیە لەگەڵ ڕابەرانی وڵاتانی عەرەبیدا کۆدەبێتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG