ئیسڕائیل وتی بە هاریکاری لەگەڵ ئەمەریکادا کار دەکات بۆ پەرەپێدانی سیستمێکی دیکەی بەرگری موشەکی بالیستیکی نوێ ( ئارۆو-4)، ئەمەش ئاستێکی نوێیە لە سیستمە بەرگرییەکانی ئیسڕائیل کە بەتایبەتی سەنگی خستۆتەسەر ئێران.
هەریەک لە سیستمەکانی بەرگری موشەکی ئارۆو-2 و ئارۆو-3 لەنێو ئەو سیستمانەدان کە ئامانج لێیان بەرپەرچدانەوە و تێکشکاندنی ئەو موشەکانەیە کە دێنە ئاسمانی وڵاتەکەوە.
وەزیری بەرگری ئیسڕائیل بێنی گانتز لە بەیاننامەیەکدا وتی " پەرەپێدانی ئارۆو-4 لەگەڵ هاوبەشە ئەمەریکیەکانماندا بازدانێکی تەکنیکی و مەیدانیە و دەمانگەڕێنێتەوە بۆ سەر مەیدانی شەڕی داهاتوو و ئەو هەڕەشانەی کە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەرەوەدا هەیە."
ڕابەرانی ئیسڕائیل هەمیشە بەرنامە موشەکیە باڵیستیکیەکەی ئێرانیان وەکو هەڕەشەیەک بۆ سەر ئیسڕائیل و جیهان ناودێرکردووە. ئێرانیش دەڵێت پەرەدان بە بەرنامە موشەکیەکەی وڵاتەکە تەنها بۆ هۆکاری بەرگری و بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانە.
وەزارەتی بەرگری ئیسڕائیل ئاماژەی بەوەدا کۆمپانیای پیشەسازی ئاسمانی ئیسڕائیل کە سەر بە دەوڵەتە بەڵێندەری سەرەکی دەبێت لە پەرەپێدانی سیستمی ئارۆو-4 دا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز