Accessibility links

وەزیرێکی ئیسڕائیل: ڕێکەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان پێویستی بە سەرۆکێکی ئەمەریکایە توند بێت لەگەڵ ئێران


وەزیری هەواڵگری ئیسڕائیل ئێلی کۆهین
وەزیری هەواڵگری ئیسڕائیل ئێلی کۆهین

وەزیری هەواڵگری ئیسڕائیل دەڵێت سعودیە و قەتەڕ لە نێو ئەو وڵاتانەدان کە وابڕیارە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتەکەیدا ببەستن، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپدا بۆ نزیککردنەوەی وڵاتانی عەرەبی لە ئیسڕائیل.

وەزیری هەواڵگری ئیسڕائیل ئێلی کۆهین وتی واژۆکردنی ڕێکەوتنی دیکەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان بەندە بەوەوە کە تا چەند سەرۆکی داهاتووی ئەمەریکا " سوورە " لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران.

کاندیدی دیموکراتەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمەریکا جۆ بایدن دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2015 ی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان کە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لێی کشایەوە و هەریەک لە ئیسڕائیل و هەندێک لە وڵاتانی کەنداوی عەرەبی پێشوازییان لەو بڕیارەی کرد.

سەرۆک ترامپ لە ماوەی ڕابردوودا پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی کە ئایا چەند وڵاتی دیکە شوێن پێی ئیماڕات و بەحرەین و سودان هەڵدەگرنەوە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسڕائیلدا، لە وەڵامدا وتی " تاوەکو ئێستا پێنج وڵات بە دڵنیاییەوە هەمان هەنگاو دەنێن."

کۆهین وتی سعودیە و عومان و قەتەڕ و مەغریب و نایجەر " لە پلاندان."

کۆهین بە کەناڵی وای نێتی وت " ئەمە ئەو پێنج وڵاتەیە، ئەگەر سیاسەتەکەی سەرۆک ترامپ بەردەوام بێت ئەوا دەتوانین ڕێکەوتنی دیکەش واژۆ بکەین."

کۆهین وتیشی " ئەگەر سەرۆکی داهاتووی ئەمەریکا سووربوونی خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران پیشان نەدا ئەوا ئەوان کاتی خۆیان وەردەگرن و پەلە ناکەن و لایەنێک بەبێ لایەنێکی دیکە هەڵنابژێرن، سیاسەتی سازش کردن کۆسپ دەخاتە بەردەم ڕێکەوتنەکانی ئاشتیەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG