Accessibility links

بەرپرسانی ئیسڕائیل دەستبەسەر ئامێرەکانی دەزگای هەواڵی ئەسۆشیەیتد پرێسدا دەگرن و پەخشە ڕاستەوخۆکەی ڕادەگرن


وێنەیەک کە لە پەخشە ڕاستەوخۆکەی ئەسۆشیەتد پرێسەوە وەرگیراوە
وێنەیەک کە لە پەخشە ڕاستەوخۆکەی ئەسۆشیەتد پرێسەوە وەرگیراوە

دەزگای هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێس دەڵێت ڕۆژی سێشەممە بەرپرسانی ئیسڕائیل دەستییان گرتووە بەسەر کامێرایەک و ئامێرەکانی پەخشی دەزگاکەیاندا لە باشووری ئیسڕائیل، دەزگا هەواڵییەکەیان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی پێشێلکردنی یاسایەکی نوێی ڕاگەیاندن لە ڕێی دابینکردنی وێنەوە بۆ کەناڵی ئەلجەزیرە.

کەناڵی ئەلجەزیرەی قەتەڕی لە نێو ئەو هەزاران کڕیارانەدایە کە پەخشی ڕاستەوخۆ لە ئەسۆشیەتد پرێس و دەزگا هەواڵییەکانی دیکەوە وەردەگرێت. ئەسۆشیەتد پرێس سەرکۆنەی ئەو کارەی بەرپرسانی ئیسڕائیلی کرد.

جێگری سەرۆکی پەیوەندییەکان لە دەزگا هەواڵییەکە لاورین ئیستۆن وتی " ئەسۆشیەتد پرێس بە توندی سەرکۆنەی کارەکانی حکومەتی ئیسڕائیل دەکات بۆ دەستگرتن بەسەر ئامێرەکانی ئەسۆشیەتد پرێس و داخستنی پەخشێکی ڕاستەوخۆدا کە دیمەنی غەززەی پیشان دەدا."

وتی " داخستنی پەخشەکە لەسەر بابەتی ڤیدیۆکە نەبووە بەڵکو بەکارهێنانی یاسا نوێیەکەی پەخشی بیانی وڵاتەکە بووە بەشێوەیەکی سوکایەتی پێکردن لەلایەن حکومەتی ئیسڕائیلەوە. داوا لە بەرپرسانی ئیسڕائیل دەکەین ئامێرەکانمان بۆ بگەڕێننەوە و یارمەتیمان بدەن لە دووبارە دەستپێکردنەوەی پەخشە ڕاستەوخۆکەدا تاوەکو بتوانین ئەم ڕۆژنامەگەرییە بیندراوە گرنگە بۆ هەزاران دەزگای ڕاگەیاندن لە سەرانسەری جیهاندا دابین بکەین."

بەرپرسانی وەزارەتی ڕاگەیاندنەکانی ئیسڕائیل دوانیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە گەیشتنە شوێنەکەی ئەسۆشیەتد پرێس لە شارۆچکەی سیدرۆت و دەستییان گرت بەسەر ئامێرەکاندا. نوسراوێکییان داوە بە ئەسۆشیەتد پرێس کە لەلایەن وەزیری ڕاگەیاندن شلۆمۆ کارهییەوە واژۆ کراوە، لە نوسراوەکەدا دەڵێت یاسای پەخشی بیانی وڵاتەکە پێشێل کراوە.

بە ماوەیەکی کورت پێش ئەوە، ئامێرەکە دیمەنێکی گشتی باکووری غەززەی پەخش دەکرد. ئەسۆشیەتد پرێس پابەندە بە یاساکانی سانسۆری سوپای ئیسڕائیلەوە، کە پەخشکردنی وردەکارییەکانی وەکو جموجۆڵی هێزەکان قەدەغە دەکات کە دەکرێت سەربازەکان بخاتە مەترسییەوە. پەخشە ڕاستەوخۆکە بە گشتی دووکەڵێکی دەردەخست کە بەسەر ناوچەیەکدا بەرز دەبووەوە.

دەستبەسەرداگرتنەکە دوابەدوای ئەوە دێت کە ڕۆژی پێنجشەممە فەرمانێک دەرچووبوو بۆ ڕاگرتنی پەخشە ڕاستەوخۆکە، ئەسۆشیەتد پرێس ئەوەی ڕەت کردبووەوە.

وەزارەتەکە وتی " بەپێی بڕیاری حکومەت و ڕێنماییەکانی وەزیری ڕاگەیاندنەکان، وەزارەتی ڕاگەیاندنەکان بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری هەر کارێک کە پێویست بکات بۆ سنووردارکردنی ئەو پەخشانەی کە زیان دەگەیەنن بە ئاسایشی وڵاتەکە."

ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی ئیسڕائیل یایر لاپید هەنگاوەکە بە " کارێکی شێتانە ناوبرد."

لاپید وتی " ئەمە ئەلجەزیرە نیە. ئەمە دەزگایەکی ڕاگەیاندنی ئەمەریکاییە. ئەم حکومەتە بە شێوەیەک ڕەفتار دەکات وەکو ئەوەی بیەوێت دڵنیا ببێتەوە لەوەی بە هەر نرخێک بێت ئیسڕائیل لە سەرانسەری جیهاندا پەراوێز بخرێت."

وەزیری ڕاگەیاندنەکانی ئیسڕائیل شلۆمۆ کارهی وەڵامی دایەوە و وتی یاساکە کە بە زۆرینەی دەنگ لەلایەن حکومەتەوە پەسەند کراوە، ئاماژە بەوە دەدات کە هەر ئامێرێک بەکاربهێندرێت بۆ گەیاندنی بابەتەکان بۆ ئەلجەزیرە دەبێت دەستی بەسەردا بگیردرێت.

شلۆمۆ لە ئێکس بۆ لاپیدی نوسیوە " بەردەوام دەبین لە کارکردن بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە دژی هەر کەسێک کە هەوڵ بدات زیان بە سەربازەکانمان و ئاسایشی وڵاتەکەمان بگەیەنێت، تەنانەت ئەگەر تۆش بەدڵت نەبێت."

بەرپرسانی ئیسڕائیل لە 5 ی مانگی پێنجدا یاساکەیان بەکارهێنا بۆ داخستنی ئۆفیسەکانی کەناڵی ئەلجەزیرە لە ئیسڕائیل و دەستبەسەرداگرتنی ئامێرەکانی کەناڵە و قەدەغەکردنی پەخشەکانی و ڕێگریکردن لە ماڵپەڕەکانی.

وتەبێژی کۆشکی سپی کارین جین پیێر وتی ئەمەریکا " دەکۆڵێتەوە لەوەی چی ڕوویداوە " و " گرنگە " بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕێگەیان پێبدرێت کارەکانی خۆیان بکەن، بەڵام سەرکۆنەی کارەکەی ئیسڕائیلی نەکرد.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG