هێزی ئاسمانی سوریا دەڵێت ڕووبەڕووی هێرشێکی ئاسمانی ئیسڕائیل بوونەتەوە لە قەراغ شاری دیمەشقی پایتەخت، دەزگای هەواڵی سوریا وتی هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتۆتەوە.
دەزگای هەواڵی سوریا لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازییەوە بڵاویکردەوە موشەکەکان لە بەرزاییەکانی گۆلانەوە هەڵدراون و چەند شوێنێکیان کردۆتە ئامانج، بەڵام ئاماژەی بە شوێنەکان نەدا.
سەرچاوە سەربازییەکەی سوریا وتی " هێزەکانی بەرگری ئاسمانیمان ڕووبەڕووی موشەکەکانی دوژمنکار بوونەوە و هەندێکییان خستە خوارەوە و تەنها زیانی ماددی لێکەوتۆتەوە."
ڕۆیتەرز دەڵێت نەیتوانیوە دەستبەجێ ڕاپۆرتەکە پشتڕاست بکاتەوە.
جێی ئاماژەیە چەندین ساڵە ئیسڕائیل هێرشی ئاسمانی دەکاتە سەر ' ئامانجەکانی پەیوەست بە ئێرانەوە ' لە سوریا، کە لەوێ کاریگەرییەکانی تاران بەهۆی پشتیوانییەکانیەوە لە حکومەتەکەی بەشار ئەسەد زیادیکردووە.
شارەزایانی سەربازی ئیسڕائیل دەڵێن هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیل ئامانج لێیان سنووردارکردنی زیادبوونی بوونی ئێرانە لە سوریادا.
چەکدارانی سەر بە حیزبوڵای لوبنان کە هاوپەیمانی ئێرانن لە ئێستادا خاکێکی بەرفراوانی ڕۆژهەڵات و باشوور و باکووری ڕۆژئاوای سوریایان بە دەستەوەیە و چەند ناوچەیەکی دەوروبەری دیمەشقیشیان لە ژێر دەستدایە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز