Accessibility links

یەکەمین شاندی ئیسڕائیل بۆ سودان


بەرپرسێکی باڵای ئیسڕائیل وتی ئیسڕائیل ڕۆژی دووشەممە یەکەمین شاندی خۆی ڕەوانەی سودان کردووە، ئەوەش مانگێک دوای ڕاگەیاندنی ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە.

هەروەها ڕادیۆی سوپای ئیسڕائیل دوانیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە وتی شاندێکی وڵاتەکە سەردانی سودان دەکات.

لە دوای هەریەک لە ئیماڕات و بەحرەین، سودان سێیەمین وڵاتی عەرەبیە کە لەمدواییانەدا ڕایگەیاند پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسڕائیلدا ئاسایی دەکاتەوە و " کۆتایی بە دوژمنایەتیەکەیان دەهێنێت لەگەڵ ئیسڕائیلدا."

بەرپرسە ئیسڕائیلیەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت سەردانەکەی شاندەکەی بۆ سودان پشتڕاست کردەوە بەڵام هیچ وردەکارییەکی دیکەی نەدا سەبارەت بە ناسنامەی ئەندامانی شاندەکەی ئیسڕائیل.

لە مانگی دوودا لە ئۆگەندا سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو چاوی بە سەرۆکی ئەنجومەنی سەروەری سودان کەوت و چاوپێکەوتنەکەی بە " مێژوویی " ناودێرکرد.

لە کۆتایی مانگی هەشتدا وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپێیۆ سەردانی ئیسڕائیلی کرد و دواتر بەرەو سودان بەڕێکەوت، ئەمەش لە یەکەمین گەشتی فەڕمی ئاسمانی نێوان تەل ئەڤیڤ و خەڕتومدا.

لەم مانگانەی دواییدا واشنتن هەوڵیدا خەڕتوم ڕازی بکات تاوەکو پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسڕائیلدا ئاسایی بکاتەوە، ئەوەش پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا کە لە 3 ی مانگی یانزەدا بەڕێوەچوو.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG