ڕۆژی یەکشەممە ئیسڕائیل هێرشی ئاسمانی کردە سەر ئامانجەکانی حوسییەکان لە یەمەن دوای ئەوەی دوو ڕۆژ لەوەوبەر حوسییەکان موشەکییان ئاڕاستەی ئیسڕائیل کرد.
سوپای ئیسڕائیل وتی فڕۆکە جەنگی و شەڕکەرەکانی ئیسڕائیل هێرشییان کردووەتە سەر وێستگەکانی کارەبا و بەندەرێک لە ڕاس عیسا و بەندەرەکانی حودەیدە.
دانیشتوان دەڵێن هێرشە ئاسمانییەکان بوونەتە هۆی پچڕانی هێڵەکانی کارەبا لە زۆرێک لە ناوچەکانی شاری حودەیدە.
سوپای ئیسڕائیل وتی " بە درێژایی ساڵی ڕابردوو حوسییەکان بە فەرمان و پارەی ئێران و بە هاوکاری لەگەڵ میلیشیا عێراقییەکاندا کاریکردووە بۆ هێرشکردنە سەر دەوڵەتی ئیسڕائیل و تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە و تێکدانی ئازادی هاتووچۆی دەریایی جیهانی."
لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەی غەززەوە کە بە هێرشەکانی حەماس لە 7 ی مانگی 10 دا بۆ سەر ئیسڕائیل دەستیپێکرد، حوسییەکان بەردەوام موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان بە ئاڕاستەی ئیسڕائیل هەڵداوە و دەڵێن ئەو کارەیان دەربڕینی پشتیوانییە بۆ فەلەستینییەکان.
لە نوێترین هێرشییاندا حوسییەکان وتییان ڕۆژی شەممە موشەکێکی باڵیستیکییان هەڵداوە بەرەو فڕۆکەخانەی بێن گوریۆن لە نزیک تەل ئەڤیڤ، ئیسڕائیل وتی بەرپەرچی ئەو موشەکەیان داوەتەوە. ڕۆژی هەینی ئیسڕائیل بەرپەرچی موشەکێکی دیکەشی حوسییەکانی دایەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز