Accessibility links

باڵیۆزی ئیسڕائیل: ئیسڕائیل سوورە لەسەر دامەزراندنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتە موسوڵمانەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا


باڵیۆزی ئیسڕائیل لە سینگاپوور ساجی کارنی دەڵێت ئیسڕائیل ئامادەیە کاربکات بۆ دامەزراندنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی زۆرینە موسوڵمانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ئەو وڵاتانە سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسڕائیلییان کرد بۆ سەر کەرتی غەزە.

هەریەک لە ئیندۆنیسیا و مالیزیا و بروناوی ڕەخنەی توندییان لە ئیسڕائیل گرت بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانیەوە لەمیانەی شەڕ و پێکدادانەکاندا لەگەڵ گروپە چەکدارییەکانی کەرتی غەزە کە ماوەی یانزە ڕۆژی خایاند.

ئەو سێ وڵاتە پەیوەندیی فەڕمییان لەگەڵ ئیسڕائیلدا نیە و چەند جارێکیش داوایان کردووە " کۆتایی بە داگیرکردنی خاکەکانی فەڵەستینیەکان لەلایەن ئیسڕائیلەوە بهێندرێت." هەروەها داوای چارەسەری دوو دەوڵەتیش دەکەن بۆ ململانێکانی نێوان فەڵەستینیەکان و ئیسڕائیل.

باڵیۆزی ئیسڕائیل لە سینگاپوور ساجی کارنی وتی ڕەخنەکانی ئەو سێ وڵاتە لە ڕابەرانی ئیسڕائیل " دادپەروەرانە " نیە و پشتگوێ خستنی " سروشتی ڕاستەقینەی ململانێکانە."

کارنی بە ڕۆیتەرزی وت " حەماس ڕێکخراوێکە دژی ئایین و نەژادی جووەکانە، دڵنیا نیم لەوەی زۆرێک لەوانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شت دەنوسن و گفتوگۆ دەکەن لە سروشتی ڕاستەقینەی حەماسی توندڕەو و فاشیست تێدەگەن یاخود نا."

کارنی دانی بەوەدانا لەمیانەی شەڕ و پێکدادانەکاندا کە یانزە ڕۆژی خایاند هاوڵاتیانی مەدەنی کوژراون، بەڵام تەنها ڕێگە بۆ هەر لایەنێک کە بیەوێت کاریگەریی هەبێت لەسەر ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دامەزراندنی پەیوەندییە لەگەڵ ئیسڕائیلدا.

وتیشی " ئێمە ئامادەین بۆ کۆبوونەوە و گفتوگۆکردن، لای ئێمەوە دەرگا کراوەیە. پێم وانیە دۆزینەوەمان قورس بێت."

ئیسڕائیل باڵیۆزخانەی لە هەریەک لە وڵاتانی ڤیێتنام و تایلاند و فیلیپین و میانمار و کۆمەڵێک وڵاتی دیکەی ئاسیادا هەیە.

ساڵی ڕابردووش هەریەک لە ئیماڕات و بەحرەین و سودان و مەغریب بە نێوەندگری ئەمەریکا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسڕائیلدا ئاساییکردەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG