Accessibility links

نەتانیاهو دەڵێت ڕێگە بە بوونی هێزەکانی هەیئەت تەحریر ئەلشام نادات لە باشوری سوریا


سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو
سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو

ڕۆژی یەکشەممە ئیسڕائیل ڕایگەیاند ڕێگە بە بوونی گروپی چەکداریی ئیسلامی هەیئەت تەحریر ئەلشام نادات لە باشووری سوریادا، نەک تەنها ئەو هێزانە بەڵکو هەر هێزێکی دیکە کە سەر بە فەرمانڕەوا نوێیەکانی سوریا بێت، داواشی کرد باشووری سوریا لە چەک دابماڵدرێت.

لە 8 ی مانگی دوانزەدا گروپی هەیئەت تەحریر ئەلشام کە پێشتر سەر بە ئەلقاعیدە بووە کۆنتڕۆڵی دیمەشقییان کرد و کۆتاییان بە دەسەڵاتە دەیان ساڵەکەی بەشار ئەسەد هێنا و ئەوەش بووە هۆی ئەوەی ئیسڕائیل هێزەکانی بجووڵێنێتە ناو ناوچەیەکی داماڵڕاو لە چەکەوە لە ناو سوریادا کە نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتی دەکات.

سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو وتی ئیسڕائیل شوێنەکانی لەوێ دەپارێزێت وەکو ڕێوشوێنێکی بەرگری هەتاوەکو ئەو کاتەی کە پێویست بکات.

وتی " ڕێگە نادەین هێزەکانی هەیئەت تەحریر ئەلشام یاخود سوپای نوێی سوریا بێنە ناو ناوچەی باشووری دیمەشقەوە. داوا دەکەین باشووری سوریا بە تەواوەتی لە چەک دابماڵدرێت، لە پارێزگاکانی قونیترە و دارا و سوەیدا."

وتیشی " هیچ مەترسییەک لەسەر دروزەکان لە باشووری سوریا قبووڵ ناکەین." دروزەکان کۆمەڵگەیەکی کەمینەن لە سوریا و ئیسڕائیلیشدا.

سوریا داوای کردووە ئیسڕائیل هێزەکانی لە وڵاتەکەدا بکشێنێتەوە. نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت جووڵەکەی ئیسڕائیل بۆ هاتنە ناو خاکی سوریاوە پێشێلکردنی ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانە و داواشی کردووە هێزەکانی ئیسڕائیل بکشێنەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG