Accessibility links

سوپای ئیسرائیل دەڵێت بە هەڵە 3 بارمتەی ئیسرائیلیان لە غەززە کوشتووە


سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، تەرمی سێ ئیسرائیلی دۆزیوەتەوە کە لە هێرشەکەی 7ی مانگی دە بۆ سەر باشووری ئیسرائیل لە کەرتی غەززە لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیرابوون.

به ڕپرسانی سه ڕبازی ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە سوپای ئەو وڵاتە ڕۆژی هەینی له میانەی ئۆپەڕاسیۆنی وشکانی له کەرتی غەززه به هەڵه سێ بارمته ئیسرائیلیەکەی کوشتووە.

دانیال هاگاری، وتەبێژی سەرەکی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، سەربازانی ئیسرائیل بارمتەکانیان دۆزیوەتەوە کە بە هەڵە لە لایەن سەربازانی ئەو وڵاتەوە کراونەتە ئامانج. ئاماژەی بەوەشکردووە تا ئێستا ڕوون نییە کە ئایا ئەو بارمتانە لە دەستی حەماس هەڵهاتوون یان خود ئازاد کرابوون.

ئەو سێ بارمتەیە لە شوجاعیەی کەرتی غەززە کوژراون کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شوێنی شەڕێکی چڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل بووە.

ئیسڕائیل دەڵێت لە هێرشەکەی حەماسدا بۆ سەر ئیسڕائیل نزیکەی 1200 کەس کوژراون و نزیکەی 240 کەسی دیکەش لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە گیراون.

لە ماوەی ئاگربەستێکی هەفتەییدا لە کۆتایی مانگی یانزەدا، حەماس زیاتر لە 100 ژن و منداڵ و بیانی کە وەکو بارمتە گرتبوونی ئازادی کردن، لە بەرامبەریشدا ئیسڕائیل 240 ژن و هەرزەکاری فەلەستینی لە زیندانەکانیدا ئازاد کرد.

زیاتر لە 130 بارمتە هێشتا لە غەززە ماون، هەندێکییان لەلایەن بەرپرسانی ئیسڕائیلەوە بە مردوو ڕاگەیەندراون.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG