Accessibility links

ئیسڕائیل دەڵێت لە هێرشەکانیدا بۆ سەر نەخۆشخانەی شیفا 170 چەکداریان کوشتووە


سوپای ئیسڕائیل دەڵێت هێزەکانی ئیسڕائیل لە ماوەی هێرشە چەند ڕۆژەییەکەیاندا بۆ سەر نەخۆشخانەیەکی سەرەکی لە غەززە زیاتر لە 170 چەکداریان کوشتووە.

بەیانی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو هێزەکانی ئیسڕائیل چوونە نەخۆشخانەی شیفای شاری غەززەوە و لەو کاتەوە لە بیناکانی نەخۆشخانەکەدا شەڕ دەکەن، سوپای ئیسڕائیل دەڵێت نەخۆشخانەکە پەیوەست کراوە بە تۆڕێکی تونێلەوە و وەکو بنکەیەک بۆ حەماس و چەکدارە فەلەستینییەکانی دیکە بەکارهێندراوە.

سوپای ئیسڕائیل وتی " تاوەکو ئێستا هێزەکانی زیاتر لە 170 تیرۆریستییان لە ناوچەی نەخۆشخانەکەدا کوشتووە، لێپرسینەوەیان لەگەڵ زیاتر لە 800 کەسدا کردووە، هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە چەک و ژێرخانی تیرۆرییان دۆزیوەتەوە."

نەخۆشخانەی شیفا کە گەورەترین نەخۆشخانە بوو لە کەرتی غەززەدا پێش جەنگەکە، ئێستا یەکێکە لەو ناوەندە تەندروستییە کەمانەی کە تەنها بەشێکی کاردەکات و دەکەوێتە باکووری غەززەوە، هەروەها ئاوارەکانیشی تێدایە.

سوپای ئیسڕائیل ڕۆژی پێنجشەممە وتی زیاتر لە 350 چەکداری حەماس و جیهادی ئیسلامی لە نەخۆشخانەکەدا دەستبەسەرکراون.

حەماس و کارمەندانی تەندروستی نەخۆشخانەکە ڕەتی دەکەنەوە نەخۆشخانەکە بۆ مەبەستی سەربازیی یاخود داڵدەدانی چەکدارەکان بەکارهێندرابێت. وەزارەتی تەندروستی فەلەستین کە لە ژێر دەسەڵاتی حەماسدایە ڕایگەیاندووە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر نەخۆشخانەکە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی پێنج نەخۆش.

سوپای ئیسڕائیل دەڵێت دوو سەربازیی لە نەخۆشخانەکەدا کوژراون، هەروەها ئاماژەی بەوە داوە ڕێگە نادات زیان بگەیەندرێت بە هاووڵاتییانی سڤیل و نەخۆشەکان و کارمەندانی تەندروستی لە نەخۆشخانەکەدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG