Accessibility links

ڕۆیتەرز: سعودیە پلانەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسڕائیل ڕادەگرێت

دوو سەرچاوەی نزیک لە پرسەکە ئاماژەیان بەوەدا سعودیە پلانەکان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعودیەدا کە ئەمەریکا سەرپەرشتی دەکات ڕادەگرێت، ئەمەش ئاماژەیە لەسەر پێداچوونەوە بە ئەرکە سەرەکییەکانی سیاسەتی دەرەوەی سعودیەدا لە کاتێکدا کە جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماس لە پەرەسەندندایە.

ململانێکە لە هەمان کاتیشدا بووە هۆی ئەوەی سعودیە و ئێران نزیکتر ببنەوە و پێکەوە قسە بکەن. شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلمان بۆ یەکەمین جار پەیوەندییەکی تەلەفونی لەگەڵ سەرۆکی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسیدا ئەنجامدا، لە کاتێکدا کە ڕیاز هەوڵدەدات ڕێگری بکات لە پەرەسەندنی جەنگەکە بە سەرانسەری ناوچەکەدا.

دوو سەرچاوەکە بە ڕۆیتەرزییان ڕاگەیاندووە دواخستنێک دەبێت لە گفتوگۆکانی نێوان ئیسڕائیل و سعودیەدا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانییان، کە ئەمەریکا سەرپەرشتی دەکات.

پێش ئەوەی حەماس، کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی لێدەکرێت، لە 7 ی مانگی 10 دا هێرش بکاتە سەر ئیسڕائیل، ڕابەرانی ئیسڕائیل و سعودیە هەردوولایان ئاماژەیان بەوە دەدا کە بەرەو ڕێککەوتنێک دەچن کە دەکرێت ببێتە هۆی دووبارە دروستکردنەوەی ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی نوێ.

سعودیە دەیەوێت لە ڕێی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسڕائیلدا پەیماننامەیەکی بەرگری لەگەڵ ئەمەریکادا دەست بکەوێت. پێشتریش سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەدابوو کە تەنانەت ئەگەر ئیسڕائیل سازشی زۆریش نەکات بۆ فەڵەستینییەکان سعودیە ڕێگە نادات ئەوە ببێتە هۆکار بۆ دروستبوونی بەربەست لەبەردەم ئەو پەیماننامەیەدا لەگەڵ ئەمەریکا.

بەڵام لە ئێستادا دوابەدوای هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل و بۆردومانی ئیسڕائیل بۆ سەر غەززە، بە جۆرێک شتەکانی گۆڕیوە، چەکدارانی حەماس لە هێرشەکەیاندا زیاتر لە 1300 ئیسڕائیلییان کوشتووە و زیاتر لە دووهەزار فەڵەستینیش بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسڕائیلەوە کوژراون.

ڕاگرتنی پڕۆسەکە لەلایەن سعودیەوە تیشک دەخاتە سەر ئەو ئاستەنگییانەی دێنە بەردەم هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ یەکخستنەوەی ئیسڕائیل لە ناوچەیەکدا کە پرسی فەڵەستینییەکان تێیدا نیگەرانییەکی گەورەی عەرەبە.

شیکەرەوەی سیاسیی سعودی، عەزیز ئەلغاشیان وتی " ئاساییکردنەوە پێشتر لە جیهانی عەرەبیدا وەکو گوناح سەیر دەکرا، ئەم جەنگە تەنها جەخت لەوە دەکاتەوە."

لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا ڕاوێژکاری ئاسایشی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان وتی هەوڵەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان " نەوەستاوە "، بەڵام ئاماژەی بەوەدا ئێستا سەنگەکە لەسەر کێشە بەپەلەکانی دیکەی ناوچەکەیە.

سەرچاوەی یەکەم کە لە لایەنی سعودیەوە نزیکە وتی واشنتن لەم هەفتەیەدا فشاری کردووەتە سەر ڕیاز تاوەکو سەرکۆنەی هێرشەکەی حەماس بکات، بەڵام وەزیری دەرەوەی سعودیە فەیسەڵ بن فەرحان ئەوەی ڕەت کردووەتەوە. سەرچاوەیەکی ئەمەریکایی کە ئاگاداری بابەتەکەیە ئەوەی پشتڕاست کردەوە.

ململانێکە بووە هۆی ئەوەی کە دوو ڕکابەرەکەی ناوچەکە، شازادەی جێنشینی سعودیە و سەرۆکی ئێران بۆ یەکەمین جار قسە بکەن، ئەوەش دوای ئەوەی لە مانگی چواردا سعودیە و ئێران بە نێوەندگری چین پەیوەندییەکانییان ئاسایی کردەوە.

سعودیە لە بەیاننامەیەکدا وتی شازادەی جێنشین بە ڕەئیسی وتووە " سعودیە هەوڵی تەواوی خۆی دەدات بۆ پەیوەندیکردن بە سەرجەم لایەنە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکانەوە بۆ ڕاگرتنی ململانێکە."

بەرپرسێکی باڵای ئێران بە ڕۆیتەرزی وت ڕەئیسی پەیوەندی بە شازادەی جێنشینەوە کردووە و ئامانج لێی پشتیوانیکردن بووە لە " فەڵەستین و ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی ململانێکە بە ناوچەکەدا."

وتی " پەیوەندییەکە باش بووە."

بەرپرسێکی دیکەی ئێران وتی پەیوەندییەکە 45 خولەکی خایاندووە و ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی ڕێگەی پێداوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

This item is part of
XS
SM
MD
LG