ئۆفیسی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند ئیسڕائیل دان دەنێت بە سەروەری مەغریبدا بەسەر ناوچەی سەحارای ڕۆژئاوادا کە ناوچەیەکی جێناکۆکی لەسەرە، هەروەها بیر لەوە دەکاتەوە کونسوڵخانەکەی لەوێ بکاتەوە.
ڕاگەیاندنەکەی ئیسڕائیل بەیاننامەیەکی پێشتری کۆشکی شاهانەی مەغریبی پشتڕاست کردەوە، کە تێیدا ئاماژە بەوە درابوو هەڵوێستی ئیسڕائیل بەرامبەر ئەو بابەتە لە نامەیەکی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهودا بۆ پاشا محەمەدی شەشەم ڕوون کراوەتەوە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە دەڵێت ئیسڕائیل بیری لەوە کردۆتەوە کونسوڵخانەیەک لە دەخلە بکاتەوە.
مەغریب ڕۆژئاوای سەحارا بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت، بەڵام بەرەی پۆلیساریۆ کە لەلایەن جەزائیرەوە پشتگیری لێدەکرێت وڵاتێکی سەربەخۆی تایبەت بە خۆی لە ڕۆژئاوای سەحارادا دەوێت، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ دانینا بە سەروەری مەغریبدا بەسەر ناوچەکەدا، ئەوەش لە بەرامبەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دیبلۆماتییەکانی نێوان مەغریب و ئیسڕائیل.
کۆشکی شاهانەی مەغریب لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوە داوە " هەڵوێستی ئیسڕائیل ڕەوانەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان دەکرێت."
بیست و هەشت وڵاتی دیکە کە زۆربەیان وڵاتانی ئەفریقا و عەرەبین، کونسوڵخانەیان لە دەخلە یاخود لە شاری لایون کردۆتەوە، مەغریبیش ئەوە بە پشتیوانییەکی گەورە دەزانێت بۆ دەسەڵاتی بەسەر ناوچەکەدا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز