Accessibility links

ئیسڕائیل داوای چۆڵکردنی شوێنی زیاتری ڕەفەح دەکات


ئیسڕائیل ڕۆژی شەممە، 11ی مانگی پێنج داوای چۆڵکردنی شوێنی زیاتری شاری ڕەفەحی باشووری غەززە کرد و داوای لە فەلەستینییەکانی ئەو ناوچانە کرد بچنە ناوچە مرۆییە فراوانکراوەکان لە مەواسی، ئەمەش لە ئاماژەیەکی دیکەدا لەسەر نزیکبوونەوەی هێرشە پلان بۆ داندراوەکەی ئیسڕائیل بۆ سەر ڕەفەح.

وتەبێژێکی سوپای ئیسڕائیل داوای لە دانیشتوان و ئاوارەکانی ناوچەی جەبەلییەی باکووری غەززە و 11 گەڕەکی کەرتەکە کرد دەستبەجێ بگوازنەوە بۆ پەناگەکانی ڕۆژئاوای شاری غەززە.

وەزارەتی تەندروستی فەلەستینییەکان وتی لانیکەم 37 فەلەستینی کە 24 کەسییان خەڵکی ناوچەکانی ناوەڕاستی غەززە بوون، لە هێرشە ئاسمانییەکانی شەوی ڕابردوودا لە سەرانسەری کەرتەکەدا کوژراون، بە ڕەفەحیشەوە.

خیتام ئەلخەتیب دەڵێت لانیکەم 10 ئەندامی خێزانەکەی ڕۆژی شەممە لە هێرشێکدا بۆ سەر ماڵەکەیان کوژراون، وتی " پێیان وتین لە ڕەفەحەوە بۆ زەوایدە پارێزراوە، خەڵکەکە دەبێت بچن بۆ ئەوێ، خەڵکەکەش ئەوەیان کرد، بەڵام چییان لێ بەسەرهات؟ لاشەیان پارچە پارچە بوو، هیچ شوێنێک لە غەززە پارێزراو نیە."

ئەل زەوایدە شارۆچکەیەکی بچووکە لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە و هەزاران ئاوارە لە سەرانسەری کەرتەکەوە ڕوویان تێکردووە.

سوپای ئیسڕائیل وتی فڕۆکەکانی ئیسڕائیل لە ماوەی ڕۆژی ڕابردوودا دەیان ئامانجییان لە سەرانسەری کەرتی غەززە کردووەتە ئامانج، وتیشی هێزە پیادەکانی لەم چەند کاتژمێرەی ڕابردوودا چەکدارەکانییان لە زەیتون لە ناوبردووە.

لە ڕەفەح دانیشتوان بە ڕۆیتەرزییان وت فەرمانە نوێیەکەی سوپای ئیسڕائیل بۆ چۆڵکردن، ناوچەکانی ناوەڕاستی شارەکەی گرتووەتەوە و هیچ گومانێکی نەهێشتووەتەوە لەسەر ئەوەی ئیسڕائیل پلانی داناوە بۆ فراوانکردنی هێرشە زەمینییەکەی بۆ ئەوێش.

خالیدی تەمەن 35 ساڵی دانیشتووی گەڕەکی شابورا کە یەکێکە لەو ناوچانەی کە فەرمانەکەی ئیسڕائیل دەیانگرێتەوە، وتی " دۆخەکە زۆر سەختە، خەڵکەکە لە ترسدا ماڵەکانی خۆیان جێدەهێڵن."

سوپای ئیسڕائیل وتی بەردەوام دەبێت لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە وردەکانی دژی چەکدارانی حەماس لە ڕۆژهەڵاتی ڕەفەح و خاڵی سنووری ڕەفەح لەمدیوی غەززەوە.

سەرەڕای فشارەکانی ئەمەریکا و نیگەرانییەکانی دانیشتوان و گروپە مرۆییەکان، ئیسڕائیل وتوویەتی بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی پلانەکانی بۆ ئەنجامدانی هێرشی زەمینی بۆ سەر ڕەفەح، کە زیاتر لە یەک ملیۆن ئاوارەی فەلەستینی لە ناوچەکانی دیکەی غەززەوە هەڵاتوون بۆ ئەو شارە و وەکو پەناگە بەکارییان هێناوە.

ئیسڕائیل دەڵێت هێشتا هەزاران چەکداریی حەماس لە شاری ڕەفەحن و ناتوانێت لە جەنگەکەدا سەربکەوێت ئەگەر لەو شارەدا لە ناوییان نەبات.

نزیکەی 300,000 هاووڵاتی غەززەیی تاوەکو ئێستا بەرەو ئەلمەواسی ڕۆیشتوون، ئەوەش بەپێی خەمڵاندنەکانی ئیسڕائیل کە ڕۆژی شەممە بڵاویکردەوە.

⁠ململانێیەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل و حەماس لە دوای هێرشە تیرۆریستییەکەی حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەر دەستیپێکرد کە تێیدا هەزار و 200 کەس لە ئیسرائیل کوژران.


سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG