Accessibility links

ئیسڕائیل ئاوی زیاتر دەدات بە ئوردن


وەزارەتی ئاوی ئوردن وتی ئیسڕائیل ڕازی بووە بە داواکانی ئوردن بۆ پێدانی ئاوی زیاتر بە وڵاتەکە، ئەمە لەکاتێکدا واپێشبینی دەکرێت بەهۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی باران بارینەوە لەم ساڵدا ئوردن ڕووبەڕووی قەیرانی ئاو ببێتەوە.

وتەبێژی وەزارەتی ئاوی ئوردن عومەر سەلامە بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت " وەرزی باران لەم ساڵدا زۆر لاوازە و نەگەیشتۆتە لە سەدا 63 ی تێکڕای ساڵانە."

وتیشی " داوامان لە ئیسڕائیل کردووە بڕێکی زیاتر ئاومان بداتێ، هەشت ملیۆن مەتر دووجا، ئەویش ڕازی بووە، ئەوەش مافی خۆمانە بەپێی پەیماننامەی ئاشتی و پێشتریش ڕوویداوە."

بەپێی ڕۆژنامەکانی ئیسڕائیل، ئوردن پارەی ئەو ئاوە زیادە دەدات کە ئیسڕائیل دەیداتێ، نزیکەی 40 سەنت بۆ هەر مەتر دووجایەک.

ساڵانە ئوردن پێویستی بە نزیکەی 1,3 ملیار مەتر دووجا هەیە لەو ئاوەی کە بۆ هۆکاری جیاواز بەکاردەهێندرێت.

سەلامە ئاماژەی بەوەدا " ئەم وەرزە سەختە و نزیکەی 10 بۆ 15 ملیۆن مەتر دووجا کەمیمان هەیە."

ئەوەشی خستەڕوو " بەپێی پەیماننامەی ئاشتی، ئیسڕائیل نزیکەی 55 ملیۆن مەتر دووجا ئاومان دەداتێ، هەمیشە لە ساڵە سەختەکاندا داوای ئاوی زیاتر دەکەین."

لەلای خۆیەوە سەرچاوەیەک بە فرانس پرێسی وت ئیسڕائیل ڕازیبووە بە پێدانی ئاوی زیاتر بە ئوردن، بەڵام باسی لە ژمارەیەکی جیاواز کرد.

سەرچاوەکە وتی ئیسڕائیل ساڵانە 65 ملیۆن مەتر دووجا ئاو دەدات بە ئوردن، ئەمساڵیش تەنها بۆ یەکجار سێ ملیۆن مەتر دووجای بۆ زیاد دەکرێت.

لە ساڵی 1994 دا ئوردن و ئیسڕائیل پەیماننامەی ئاشتیان واژۆ کرد و بە فەڕمی کۆتاییان بە جەنگی نێوان دوو وڵاتەکە هێنا.

سەرچاوە/ فرانس پریس

XS
SM
MD
LG