Accessibility links

سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستینیەکان سەردانێکی دەگمەن بۆ ئیسڕائیل ئەنجام دەدات


سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستینیەکان مەحمود عەباس بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ وەزیری بەرگری ئیسڕائیل سەردانێکی دەگمەنی بۆ ئەو وڵاتە ئەنجامدا.

وەزیری بەرگری ئیسڕائیل بێنی گانتز لە ماڵەکەی خۆیدا میوانداری مەحمود عەباسی کرد، ئەمەش لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا یەکەمین سەردانی ڕابەری فەڵەستینیەکانە بۆ ئیسڕائیل.

وەزارەتی بەرگری ئیسڕائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " کۆمەڵێک ڕێوشوێنی بونیادنانی متمانە " گیراونەتەبەر کە دەبێتە هۆی کارئاسانی بۆ سەدان لەو هاوڵاتیە فەڵەستینیانەی بۆ کارکردن دەیانەوێت بێنە ئیسڕائیلەوە.

لە مانگی هەشتدا عەباس و گانتز لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوا کۆبوونەوە. بەرپرسی دەسەڵاتی فەڵەستینیەکان حوسەین ئەل شێخ وتی لە گفتوگۆکانی ڕۆژی سێشەممەدا باس لە " گرنگی بونیادنانی ئاسۆیەکی سیاسیی کراوە " بۆ چارەسەرکردنی ململانێکانی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستینیەکان.

سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ عەباسدا، گانتز ئاماژەی بە پڕۆسەی ئاشتی نەدا کە لە ساڵی 2014 ەوە ڕاگیراوە، ئەوەش دوای ئەوەی گفتوگۆکانی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستینیەکان بە نێوەندگری ئەمەریکا شکستیان هێنا. فەڵەستینیەکان هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتێک دەدەن لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوا و کەرتی غەزە، دەشیانەوێت ڕۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم ببێتە پایتەختی وڵاتەکەیان.

گانتز لە تویتەر نوسیویەتی " تاوتوێی جێبەجێکردنی ڕێوشوێنە ئابووری و مەدەنیەکانمان کرد، هەروەها جەختمان لە گرنگی توندکردنەوەی هاریکارییە ئاسایشیەکان و ڕێگەگرتن لە تیرۆر و توندوتیژی کردۆتەوە، ئەوەش لەپێناو باشی ئیسڕائیلیەکان و فەڵەستینیەکانیشدا."

لە هەنگاوێکدا کە لەوانەیە ببێتە هۆی کارئاسانی بۆ گەشتی هەزاران فەڵەستینی، وەزارەتی بەرگری ئیسڕائیل وتی گانتز ڕازیبووە نزیکەی 6000 کەس وەکو دانیشتووی کەناراوەکانی ڕۆژئاوا تۆمار بکات، کە پێشتر لە ناوچەکەدا ژیاون و لە ساڵی 1967 دا ئیسڕائیل لە جەنگدا داگیریکردووە.

وەزارەتەکە وتیشی 3500 کەسی دیکە لە غەزە وەکو دانیشتووی ناوچەکە تۆمار دەکرێن.

ئەم کۆبوونەوەیە دوابەدوای کۆمەڵێک هێرشی فەڵەستینیەکان دێت لەم هەفتانەی دواییدا بۆ سەر ئیسڕائیلیەکانی کەناراوەکانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم. فەڵەستینیەکانیش نیگەرانی هێرشەکانی دانیشتوانی ئیسڕائیلن لەو ناوچانەدا.

لە غەزە، وتەبێژی حەماس حازم قاسم وتی بە کۆبوونەوەی لەگەڵ گانتزدا، عەباس دابەشبوونی سیاسیی فەڵەستینیەکان قوڵتر دەکاتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG